هەر فەرمانگەو سەربە شوێنێکە
سێ پارێزگا خاوەنی خاڵخاڵانن و خەڵکەکەی ماندوو بوون
عەزیز عەبدوڵا – خاڵخاڵان
هێشتا ناوچەیەکی تەواو کوردنشین هەیە، کارتی نیشتمانیەکەی سەر بە کەرکوکە، کارەباکەی سەر بە سلێمانییە و پەروەردەکەشی سەر بە هەولێرە.
ئەم بێنە و بەردەیە ساڵانێکی زۆرە دووچاری دانیشتووانی کۆمەڵگای خاڵخاڵان هاتووە، دابەشبوونێک کە خواستی دانیشتووانەکەی لەسەر نییە، بینەر محەمەد دانیشتوویەکی ناوچەکەیە، دەڵێ، ئەگەر بمانەوێ لە کوردستان دابمەزرێین دەڵێن، نفوسەکەتان سەر بە کەرکوکە و ناتوانن، بڕوانامەشمان سەر بە هەرێمی کوردستانە و عێراق دانی پێدا نانێ، بە کوردییەکەی لە هەردوو جەژنەکە بوون.
تەمەنی خاڵخاڵان روون نییە، بەڵام وا 35 ساڵێکە گەشەی کردووە ، پێشتر گوندێکی بچووک بوو پێیان دەوت قەرەناو، ئێستا وەک فەڕمی بە خاڵخاڵان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، بەڵام کێشەیەک لێرە هەر بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی وەک سنوور دەکەوێتە ناحیەی شوانی کەرکوک، بەڵام لەلای عێراق گوندە و کوردستان دەیەوێ لە کۆمەڵگاوە بیکات بە ناحیە.
دانیشووانەکەی کە مامەڵەیان هەیە دەبێ هەر رۆژە و بە تاکسی و پاس ملی رێگایەک بگرن و بچنە یەکێک لە پارێزگاکان، بە نموونە: شارەوانی سەر بە سلێمانییە، فەرمانگەی ئاوی سەر بە ئاوی چەمچەماڵە، بنکەی تەندروستی خاڵخاڵان سەر بە چەمچەماڵە، بەشی فریاکەوتن و ڕەوانەکردنی نەخۆش سەر بە کەرکوکە، بنکەی ئاسایش سەر بە کەرکوکە، پۆلیس سەر بە چەمچەماڵە، بەرگری شارستانی سەربە کۆیەیە، دابەشکردنی کارەبای لە تەقتەقەوەیە و کەرتی پەروەردەش سەر بە کۆیەیە، ئەوە جگە لەوەی رەگەزنامەی هەر خێزانێک و سەر بە شوێنێکە.
ئازاد عاسی سەرۆکی شارەوانی خاڵخاڵانە بە 964ی وت، وەک بەرپرسی سنورەکە ئاگاداری کێشەو معاناتی هاوڵاتیانی خۆمانین، رۆژنیە هاوڵاتییان سەردانیمان نەکەن بۆ گەیاندنی گلەییەکانیان، هۆکارەکەشی دابەشبوونی فەرمانگەکانی ئەم سنورەیە، کە پەیوەستە بە جوگرافیا و چارەنووس یەکلابوونەوەی.
لەبارەی مامەڵەی رۆژانەیان لەناو بێنە و بەردەی سێ پارێزگاکە وتی، وەک شارەوانی توانیویانە ئەم دابەشکارییە بەهەل بزانن، تا لەهەر بەڕێوەبەرایەتییەک بتوانن بەشی خۆیان لە پڕۆژەکان بپچڕن، چی لە حکومەتی عێراق، یان هەرێمی کوردستان بێت.
ئەهلی خاڵخاڵان، نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن، زۆرینە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین، هێشتا خۆشترین بەرهەمەکانی وەک هەنجیر، هەنار، تەماتە، خەیار و شوتی لێیە و جوتیاری دەست رەنگینیان هەیە.
ئەوە لەگەڵ ئەوەی، بەپێی ئامارێکی نافەرمی زیاتر لە 700 حەوزی ماسی و 10 پڕۆژەی گەشتیار و 100جوتیار لەسنوورەکە هەن و دەستی ماندوو لەسەر سکی تێر دادەنێن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا