دوو مامی منداڵەکە دەستگیر کراون

باوکی ئەو منداڵەی دەوترێت بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە چەکداری داع*ش* بووە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

باوکی ئەو منداڵەی دەوترێت بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە لە کەرکوک گیانی لەدەستداوە چەکداری داع*ش* بووە و 35 ساڵ حوکم دراوە، دوو مامی منداڵەکەش لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراون.

ئێوارەی دوێنی یەکشەممە 29.12.2024 منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بەناوی نیسان غەسان گەیەندرایە نەخۆشخانەی کەرکوکی فێرکاری، دوای پشکنین دەرکەوت کە ئاسەواری ئەشکەنجە بەجەستەیەوە دیارە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دا.

دوای بەدواداچوونی 964 دەرکەوت کە دایک و باوکی ئەو منداڵە جیابوونەتەوە و زیاتر لە ساڵێک بووە لای مامی و ئامۆژنی ژیاوە.

هەرچەندە دەگوترێت ئەو منداڵە لەلایەن مامییەوە ئەشکەنجە دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە بەڵام دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی کەرکوک بە 964ـیان وت، “راستە جەستەی شوێنەواری لێدانی پێوە دیارە، بەڵام ساغکردنەوەی ئەو بابەتە بۆ پزیشکی دادی و لێکۆڵینەوەکان بەجێدێڵن”.

عامر نوری وتەبێژی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئێستا دوو مامی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە”، وتیشی، تەرمی منداڵەکە رەوانەی دایکی کراوەتەوە لە پارێزگای تکریت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دایک و کەسوکاری منداڵەکە قسەی کردووە و ئەوان وتویانە، دوای پرسە و بەخاکسپاردنی، سکاڵا تۆمار دەکەن.

هاوکات ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964 ـی وت، “کەرکوک پڕبووە لە کەسانی غەریب، باوکی ئەو منداڵەی گیانی لە دەستداوە، چەکداری داع*ش* بووە و بە ماددەی 4ـی تی*رۆر  35 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە”.

وتیشی، “سێ مامی دیکەی ئەو منداڵە چەکداری داع*ش بوون و کوژراون، چوار مامی دیکەی لە کەرکوک بە بیانووی ئاوارەیی دەسوڕێنەوە، ئەو منداڵە ئەشکەنجە دراوە و چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دادی دەکەین”.

رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە، دەنگدانەوەی گەورەی لە شەقامی عێراقدا دروستکردووە و وەزارەتی ناوخۆیشی هێناوەتە سەر خەت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری پشتڕاست کردووەتەوە و دەڵێن، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

ئەو منداڵەی گوایە لە کەرکوک ئەشکەنجە درابوو گیانی لەدە...

ئەو منداڵەی گوایە لە کەرکوک ئەشکەنجە درابوو گیانی لەدەست دا