حاڵەتەکە لە کەرکوکە و مامی دەستگیر کراوە
منداڵێکی 10 ساڵان ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دیارە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
منداڵێکی تەمەن 10ساڵ ئەشکەنجە دەدرێت و پاشان بەمەبەستی چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت، بەپێی زانیارێکانی 964 مامی منداڵەکەش بەتۆمەتی ئەشکەنجەکە دەستگیرکراوە.
دوێنی یەکشەممە 29.12.2024، منداڵێکی تەمەن 10ساڵ لە رەگەزی کوڕ بەهۆی بێ هۆشی و رشانەوەی رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوکی فێرکاری دەکرێت دوای پشکنین دەرکەوتووە ئەو منداڵە ئەشکەنجە دراوە.
سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە964ـی وت، ئەو منداڵە دوای گەیاندنی بەبەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە بەهۆی رشانەوە و بێهۆشیەوە پشکنینی بۆ کراوە و شوێنی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە دەرکەوتووە لە پشتی و رانی و دەستی و لای گونیەوە، دەست بەجێ پۆلیسی ناو نەخۆشخانە ئاگادار کراوەتەوە و مامی منداڵەکە کە بردویەتی بۆنەخۆشخانە دەستبەسەرکراوە، لە ئێستادا منداڵەکە لە بەشی چارەسەرکردنی چڕی نەخۆشخانەکەدایە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت بە 964ـی وت، باوکی ئەو منداڵە ماوەیەکە لە بەندیخانەیە و دایکەکەش جیابووەتەوە منداڵەکە لای مامێکی و ژن مامێکی دەژێت لەگەڕەکی کۆبانێی شاری کەرکوک، دوای ئاگادار کردنەوەی لایەنی ئەمنی نەخۆشخانەکە لە لایەن بەشی فریکەوتنی نەخۆشخانەکە مامی منداڵەکە دەستبەسترکراوە.
وتیشی، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە دۆسیەکە و مامی منداڵەکە رەتی دەکاتەوە کە ئەشکەنجە درابێت بەڵکو یاری کردوە وکەوتووە.
نیزاڵ نازم لە رێکخراوی چاوی ژیان تایبەت بە مافی منداڵان بە 964ـی وت، ئەوە ئەگەر رشانەوەی نەبوایە رەوانەی نەخۆشخانە نەدەکرا و ئاشکرا نەدەبوو، دەیان حاڵەتی لە وجۆرە هەیە بەڵام شاراوەیە، حکومەت کەمتەرخەمە بەهۆی ئەوەی هاوکاری رێکخراوەکان ناکات وەک پێویست.
پێداچوونەوە: توانا نەقی