قەل و گیپە و کفتە بۆ موسوڵمانەکان دەبەن

نەوەیەکی سلێمانی 81 ساڵە داری کریسمس دەڕازێنێتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

موالیدەکەی 1937ی سلێمانییە، بەنزیکەیی 87 ساڵە تەمەنی و لە گەڕەکە تەنگ و باریکەکانی سابونکەران لە دایک بووە، ئەوەی باسی دەکەین چیرۆکی مامۆستا لەتیف پۆڵسە، هاوڵاتییەکی کریستیان نشینی سلێمانی.

ئەم مامۆستایە، 81 ساڵە لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ سەری ساڵ داری کریسمس دەڕازێننەوە.

سەر و سیما سپییەکەی، شاهیدی تەبایی و پێکەوەژیانی ئاین و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە دەدەن و خۆی دەڵێ، لە خوا بەزیادبێ لەگەڵ برا کوردەکان لە خۆشی و ناخۆشیدا پێکەوە ژیاوین.

کریستییانەکان لە شەوی 24.12.2024ی هەمووساڵێک، ئاهەنگی جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەگێڕن، لەگەڵ خانەوادەکەیاندا کۆدەبنەوە و خواردن بۆ دراوسێ کریستیان و موسوڵمانەکانیان دەبەن.

لە هەمان شەودا دیاری بۆ منداڵەکانیان دەکڕن و دەیپێچنەوە و لە ژێر دار سنەو بەرەکەدا دایدەنێن، بۆ بەیانی منداڵەکانیان دەڵێن بابە نوئێل دیاری بۆ هێناون، ئەو رێوڕەسمانە هیچ لەو راستییە کەم ناکاتەوە، ئەوانیش وەک موسوڵمان، سابیئە، ئاشوور تورکمان و کلدان خاوەن بیروباوەڕی خۆیانن و لە هەرێمی کوردستان گوزارشت لە مافی خۆیان دەکەن.

لە شاری سلێمانی، لە کۆنەوە لە جەژنی لە دایکبوونی مەسیحدا موسوڵمانەکان سەردانی هاوڵاتییە کریستیان نشینەکانی سلێمانییان کردووە و بۆ بەیانیی جەژن برنج و شلەی قەیسی و قەلیان ئامادە کردووە، ئێستاش ئەو جۆرە مەراسیمانە لە شارەکە هەر ماوە، لە جەژنی قوربان و رەمەزاندا موسوڵمانەکان سینی جەژن دەبەن بۆیان، ئێستا کە نزیکین لە ساڵی 2025ی زاینیی، کریستیان نشینەکان سینی پڕ لە قەل و گیپە و کفتە بۆ دراوسێ موسوڵمانەکانیان دەبەن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا