جارێکى دیکە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە
چەند جار بەردى بناغەى پڕۆژەى دووسایدى هەولێر کۆیە دانراوە؟
964+
وریا فەتاح
پڕۆژەى رێگاى دووسایدى کۆیە بۆ هەولێر تا ئێستا چەند جارێک بەردى بناغەى دانراوە، هەرچەندە دەبوایە لە 2014 تەواو بکرایە، بەڵام دوێنێ جارێکى دیکە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
رۆژى 16ـى تشرینی یەکەمی 2022، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەیاوەری ھەردوو بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت، پڕۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی کاولان، گۆمەشین و قزووڵی لە سنووری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە بەسەرکردەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا، سەبارەت بە رێگای دووسایدی کۆیە-ھەولێر، گوتی، “ئەوە رێگایەکی ستراتیژییە و ھاوکات بەشێکیشە لە دووسایدی ھەولێر سلێمانی، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 2011ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبوو تا ساڵی 2014 تەواو بکرێت، بەڵام تەواو نەکراوە”.
وتیشى،” لە ئێستاشدا بەھۆی بارودۆخی داراییەوە، حکوومەت ناتوانێت بودجەی پڕۆژەکە دابین بکات کە 360 ملیار دینارە، بەڵام وەک وەزارەت لە گفتوگۆداین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.”
دواى دوو ساڵ، رۆژى 10.10.2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردى بناغەى پڕۆژەى دووسایدى هەولێر بۆ کۆیەى دانا، واتا هەمان ئەو پڕۆژەیەى ساڵى 2011 خرابووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەپێى پڕۆژە نوێیەکە بێت، رێگا دوو سایدەکە 38 کیلۆمەترە و 403 ملیار دینارى تێدەچێت، بەڵام وەک ئەوەى دانا عەبدولکەریم لە 2022 باسى کرد، 360 ملیار دینارى تێدەچیت.
ئەوەى باسمان کرد هەر قسە و بەردى بناغەیە، رۆژى یەکشەممە 22.12.2024، ئومێد خۆشناو رایگەیاند، بە گوژمەى 560 ملیار و 443 ملیۆن و 225 هەزار دینار، پڕۆژهی دووسایدی رێگهی نێوان هەولێر – كۆیە كهوته بواری جێبهجێكردنهوه.