پۆلیسی دراستان بەدوای سەرپێچیکارانەوەیە

لە دوکان کومەڵێک داربەڕووی ناوقەد باریکیان بڕی و هەڵاتن

شۆڕش قادری

لە سنووری دوکان، چەند کەسێک کۆمەڵێک داربەڕووی ناوقەد باریکیان بڕی و هەڵاتن، پۆلیسی دارستان و ژینگەیش بەدوای سەرپێچیکارانەوەیە.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان، دوای گەڕان و پشکنین لە سنوری گوندی تۆپزاوا، بەسەر ژمارەیەکی زۆر داربەڕوودا کەوتوون کە بڕدراون و جێهێڵدراون”.

“ئەو کەسانەی دارەکانیان بڕیبوو، هەڵاتوون و پۆلیسی دارستانی دوکان فریای دەستگیرکردنیان نەکەوتوون، لەئێستاشدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە”، هێمن کەمەرخان وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا 15 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای سلێمانی لەسەر داربڕین دەستگیرکراون و سزا دراون.

وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وتیشی، دارستانەکان موڵکى هەمووانە و لە پێناو ژینگەیەکى تەندروست و ئاو و هەوایەکى پاک و خاوێن، پێویستە لەسەر هەموو تاکێک بیانپارێزن.