لە ناحیەی سەنگاو
دوو راوچی دەستگیرکران و سوێسکەکانیشیان ئازاد کرد
فەرهاد حەسەن
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، بنکەکەیان لە ناحیەی سەنگاو دوو کەسیان بە تۆمەتی راوی باڵندە دەستگیر کردووە ئەو باڵندانەشی راویان کردبوون لەگەڵ کەلوپەلی دیکە دەستیان بەسەردا گرتووە.
ئاماژە بەوەکراوە، دوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشت سەبارەت بە راوکردن لە لایەن چەند کەسێکەوە لە سنوری گوندی کەلەڕەشی، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەنگاو دەرچوون بۆ شوێنی دیاریکراو، لە ئەنجامدا توانیان دوو هاوڵاتی بە تۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیر بکەن.
مەفرەزەکە دەستیان بەسەر هەشت سوێسکەی زیندوو و دوو سوێسکەی راوکراو و دوو داو و سێ تەسجیل و ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە .
دەشڵێت بە فەرمانی دادوەر، باڵندەکان ئازاد کران و گەڕێندرانەوە بۆ سروشت و ژینگە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ دوو راوچییەکە بەردەوامە.