ئەی پارەکەی دەدرێ بەچی؟

ئێران مستیلەیەکی دەستی حەسەن نەسروڵای فرۆشت؛ 690 ملیۆن تمەنی کرد

964+
ئەحمەد مستەفا

پەیڕەوانی ماڵی خودای شیعە مەزهەب لە تارانی پایتەختی ئێران، کە مستیلەیەکی سەر قاوەی دەستی حەسەن نەسروڵا، رێبەرە کوژراوەکەی حیزبوڵای لوبنانیان پاراست بوو، دەرکەوت بە 690 ملیۆن تمەن فرۆشتوویانە.

کەس نازانێ کڕیار کێیە و ئەڵقەکە چۆن لە دوای کوژرانی ئەو سەرکردەیەی حزبوڵای لوبنان گەیشتووەتەوە بە تاران، میدیای خۆجێی هیچی لەبارەوە باس نەکردووە، بەڵام ژمارەیەک میدیای خۆجێی ئێران دەڵێن، پارەی مستیلە فرۆشراوەکەی نەسروڵا بۆ یارمەتیدانی گەلی لوبنان و غەزە خەرج دەکرێتەوە.

کەناڵی SNN TVی ئێران دەڵێت، مستیلەکەی دەستی حەسەن نەسروڵا، لە ژێر هەڵمەتی “ئێرانی هاوسۆز” فرۆشراوە، و راستەوخۆ پارەکە بۆ هەژماری بانکی هەڵمەتەکە گواستراوەتەوە.

لە ناوخۆی ئێران، ئەو کارەی پەیڕەوانی ماڵی خودای شیعە مەزهەب بێ کاردانەوە نەبووە، هەندێک لە پەیڕەوانی شیعە لەگەڵ لە دەستدانی مستیلەکە نەبوون و پێیان وایە، یادگاری نەسروڵا دەبوو بپارێزرێ، هەندێکی دیکە پاڵپشتی لە رایەکی دیکە دەکەن و پێیان وایە، کە سەرەرای قەیرانە ناوخۆییەکان ئێران سەرچاوەی دارایی بۆ گروپەکانی حیزبوڵا پەیدا کردووە.

سەید حەسەن عەبدولکەریم نەسروڵا، لە 31ی ئابی 1960 لە دایک بووە، روخسارێکی دیاری نزیک لە ئێران و سەرکردەیەکی سیاسیی لوبنانی و سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان بوون، ئەو لە 16ی شوباتی 1999، پاش ئەوی عەباس موسەوی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، وەک سێیەمین سکرتێری گشتیی حیزبوڵا دەستبەکار بوو و ھەتا کاتی کوژرانی لەلایەن ھێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە لە 27ی ئەیلوولی 2024 لەو پۆستە مایەوە.

دیمەنی مستیلەکەی حەسەن نەسروڵا؛

+964صورة من منصة (شبكة):