ویستوویانە بیهێننە ناو شار

لە هەڵەبجە دەستبەسەر 200 کیلۆ مریشکی مرداربوودا گیرا

ژێوار خدر

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە لە بازگەی زەمەقی دەستیانگرت بەسەر بڕێکی زۆر لە مریشکی مرداربووەوەدا، کە بارهەڵگرێک هەوڵیداوە بیانگوازێتەوە بۆ ناو شاری هەڵەبجە.

فەلاح نامیق، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت بە 964ـی وت، لەلایەن بازگەکەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە بارهەڵگرێك کۆمەڵی مریشکی مرداربووەوەی پێیە، لیژنەکەمان بە هاوبەشی لەگەڵ سێ پزیشکی ڤێتێرنەری گەیشتینە بازگەکە و دوای پشکنین بۆمان دەرکەوت مریشکەکان هەموویان بەهۆی هەردوو نەخۆشی نیوکاسڵ و سیکۆلا مردار بوونەتەوە، کە نزیکەی 200 کیلۆگرام بوون.

وتیشی، شۆفیری بارهەڵگرەکە تەمەنی 17 ساڵ بووە و مریشکەکانی لە پەلەوەرخانەیەکەوە وەرگرتووە و هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە بە چ مەبەستێک مریشکەکانی گواستووەتەوە و ئێستا بەبڕیاری دادوەر شۆفیرەکە راگیراوە.

سەبارەت بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکە، فەلاح نامیق وتی، دادوەر لەکاتی لێکۆڵینەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات و کاری لیژنەکان نییە، بەڵام بەپیی یاسا دەبیت هەموو کێڵگەیەکی پەلەوەری لە نزیک خۆیەوە چاڵێکی هەبێت بۆ ژێرخاککردنی پەلەوەرە مرداربووەوەکانی، نازانین بۆچی لە چاڵەکەدا لەناوی نەبردوون و لە رێگەی بارهەڵگرەکەوە گواستوونیەتەوە.

روونیشیکردەوە، کە مریشکەکان لەلایەن لیژنەکەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و لەناوبراون.