پاسپۆرتی عێراقی
کارئاسانی بۆ عێراقییەكانی دەرەوە دەکات
نووسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی عێراقی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا کرایەوە
964+
ژێوار خدر
ئیتر لە ویلایەتی لۆس ئەنجلسی ئەمریکاش نووسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی عێراقی هەیە، كە بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی عێراقیی نیشتەجێی ئەمریكا دەكات.
بەڕێوبەرایەتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق، رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024 نووسینگەیەکی سیستەمی نوێ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە ویلایەتی لۆس ئەنجلس لە دیترۆیت لە ئەمریکا کرایەوە.
دەشڵێت، ئەم هەنگاوە لە درێژەی هەڵمەتی کردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییە لە دەرەوەی عێراق، بۆ ئەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی دەرەوەی عێراقن.
روونیشیکردووەتەوە، وەزارەتەکە دڵنیایی دەدا بە هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات، کە کاروبارەکانی گەشتکردنی بۆ ئاسانتر کردوون، سەرەڕای ئەو هاوکارییانەی پێشکەشیان دەکرێ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە کاتی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان.
ساڵی رابردووش لە مانگی 10، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نووسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکیترۆنیان لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کردەوە.