برای ژنەکە چیرۆکی خنکانیان بۆ 964 دەگێڕێتەوە
تەرمی دایک و منداڵە نۆ مانگانەکەی لە ئیجەدا خنکان، لە سەروچاوە بەخاکسپێردران
964+
محەمەد عەلی – راپەڕین
تەرمی ئەو دایکە و منداڵە نۆ مانگانەی کە لە دەریای ئیجەدا خنکان، گەڕێندرانەوە زێدی خۆیان و لە گۆڕستانی سەروچاوە لە دەڤەری راپەڕین بەخاکسپێردران.
مانگی رابردوو بەلەمێکی کۆچبەران بە 33 سەرنشینەوە لە دەریای ئیجەدا نقوم بوو، لەو ژمارەیەدا پێنج کەسیان گیانیان لەدەست دا، کە دوو کەسیان دایک و کچێکی تەمەن نۆ مانگانەی خەڵکی سەروچاوە بوون، دایکەکە ناوی نایلە مستەفایە و کچەکەیشی ناوی نوور کاوێسە.
دوای نزیکەی مانگێک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 14.12.2024 تەرمەکانیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گەڕێندرانەوە و دواتر لە زێدی خۆیان، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی کەسوکاریان و خەڵکی ناوچەکە بەخاکسپێردران.
رەسوڵ مستەفا برای ژنە کوچکردووەکە، چیرۆکی خنکانی ئەو دوو هاوڵاتییەی لە دەریای ئیجەدا بۆ 964 گێڕایەوە و وتی، “یەکەمجار قاچاخچییەکە پێی وتوون، کە 18 کەس دەچنە ناو بەلەمەکە، بەڵام 33 کەسی سەرخستووە، دواتریش لە نیوەی رێگادا تووشی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان بوون و قاچاخچییەکە نەیویستووە خۆی بەدەستەوە بدات و بەخێرایی گەڕاونەتەوە و بەوهۆیەشەوە بەلەمەکەیان بەر شاخێک کەوتووە و وەرگەڕاوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، خوشکەکەی تەمەنی 36 ساڵ و منداڵەکەشی تەنیا نۆ مانگ بووە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
رۆژی شەممە تەرمی دایک و منداڵە 10 مانگەکە دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان