"هەشت شەڕڤانیش کوژراون"

ئەنجومەنی سەربازیی منبج: 210 چەکداری نزیک لە تورکیامان کوشتووە

شۆڕش قادری

شەڕی نێوان شەڕڤانان و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە دەوروبەری کۆبانێ بەردەوامە و ئەنجومەنی سەربازیی منبجیش دەڵێت، 210 چەکداری ئەو گرووپانەیان کوشتووە و بە سەدانی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ هەینی 13.12.2024 ئەنجومەنی سەربازیی منبج لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادنەکانی سێ رۆژی رابردوو، 142 چەکداری گرووپەکانی نزیک لە تورکیا لە بەنداوی تشرین و 68ـی دیکەش لە پردی قەرەقۆزاق کوژراون و بە سەدان چەکداریش برینداربوون”.

“هەر لەو شەڕانەدا 39 ئۆتۆمبێلی سەربازیی و شەش تانکی تورکیامان تێکشکاندووە و پێنج درۆنی خۆکوژیـشمان خستووەتە خوارەوە”، ئەنجومەنی سەربازیی منبج وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان، هەشت شەڕڤان کوژراون و 13ـی تریش بریندار بوون.

دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 8.12.2024 ، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی منبج و دەوروبەری کۆبانێ چڕبووەتەوە و شەرڤانانیش بەرگریی دەکەن.