لە چۆمان و چەمچەماڵ

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا پێنج کەس برینداربوون

شۆڕش قادری

لە چۆمان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و دوو کەس برینداربوون، لە چەمچەماڵیش رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و سێ کەس برینداربوون.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، “کەێک لەمەوبەر لەسەر رێگای چۆمان – حاجی ئۆمەران و بەدیاریکراوی لە لۆفەکانی گردمەیدان، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری دۆج دۆرانگۆ وەرگەڕاوە و لە ئەنجامدا دوو کەس برینداربوون”.

هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای چەمچەماڵ ــ ناحیەی تەکیەی کاکەمەند نزیک کارگەی خشتی ئاشوور روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون، کە دوو پیاو و ژنێکی بە نەتەوە عەرەبن.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای رووداوەکە دەستبەجێ تیمی تەندروستی و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی یەکەی فریاکەوتنی خێرا 122 بەهانای بریندارەکانەوە چوون و هەر لەوێ فریاگوزاری سەرەتاییان بۆ ئەنجام داون، دواتر بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی، بریندارەکانیان گوازراونەتەوە بۆ سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ.