"خۆشی نازانێ هۆکار چییە"

پارێزگار بەرێوەبەری شارەوانی خانەقینی دوورخستەوە

964+

راژان باجەلان – خانەقین

بە بڕیارێکی کارگێڕی کە پارێزگاری دیالە عەدنان محەمەد دەری کردووە، عەلی زوهێر بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.

عەلی زوهێر لە نەتەوەی کورد پۆستەکەی پێ دراوە، خانەقین لە رووی ئیداریییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11.12.2024، عەلی زوهێر بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتە بە 964ی وت، “ئەمڕۆ بڕیارەکە دراوە لەلایەن پارێزگاری دیالەوە، نازانم هۆکاری بڕیارەکە چییە و رێکارەکان چی دەبن، بەڵام بڕیارەکە دەرچووە و من لە پۆستەکەم لادراوم”.

عەلی زوهێر لە نەتەوەی کوردە، دانیشتووی شاری خانەقینە و ماوەی ساڵێکە کراوە بە بەرێوەبەری شارەوانی، سەرەڕای ئەوەی ئەندازیار نیە بەڵام بەهۆی نەبوونی کەسێکی شیاو و پسپۆڕ ئەو لە پۆستەکە دانرابوو.

بەپێی ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوە، بەرێوەبەری شارەوانی جەلەولا، مجبل جەميل حەمد، لەجێگەی عەلی زوهێر دەکرێتە بەرێوەبەری شارەوانی خانەقین تا ماوەی سێ مانگ لە پۆستەکە دەمێنێتەوە.

بڕیارەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەیتیەکان و تایبەت نەتەوەی کورد، دەنگدانەوەی لێ کەوتووەتەوە و  لایەنە سیاسییە کوردییەکانی خانەقین لێی رازی نین و دەیانەوێت کەسێکی کورد لە پۆستە دابنرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

وێنەیەک لە بڕیارەکە؛

پارێزگار بەرێوەبەری شارەوانی خانەقینی دوورخستەوە