دەربەندیخانییەکان چوار رۆژە لەسەر شەقامن

+964
هونەر فارس – دەربەندیخان

نەبوونی خزمەتگوزاریی چوار رۆژە دەربەندیخانییەکانی هێناوەتە سەرشەقام و بە وتەی خۆیان تا بە ئەنجام نەگات سازش لە داواکارییەکانیان ناکەن.

توێژە جیاوازەکانی دەربەندیخان، دژی نەبوونی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە و خراپی رێگە و بان و کەمیی کارەبای نیشتیمانی و هەندێک گرفتی دیکەی قەزاکەیان، لە بەردەم مزگەوتی گەورەی قەزاکەیان خێوەتیان هەڵداوە و رۆژانە بە دەم وتاردان و چا خواردن و هەڵپەڕکێوە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن.

دوای چوار رۆژ لە مانگرتنەکەیان تا ئێستاش جگە لە بەرپرسانی شارەکە هیچ بەرپرسێکی باڵای حکومەت نەهاتووەتە سەر خەت و هیچ بەرپرسێکی شارەکەش دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە.

هاوکار قادری مانگرتوو، پێی وایە ئەو شێوازە مەدەنیانەی کە گرتوویانەتە بەر رێگا راستەکەیە و دەتوانێت حکومەتیان بۆ بهێنێتە سەر خەت.
ئەو مانگرتووە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا رێگای بەدیلی “ئەو مانگرتنە هێمنانە” لە ئەگەری نەهاتنە دەنگی دەسەڵات، لەنێوان مانگرتوواندا گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە.

خێرخواز و خەمخۆرانی چاکسازیی قەزاکەش ماوەی چوار رۆژە بە دروستکردنی خواردن و دابینکردنی پێداویستیی مانگرتووان بە ئومێدی ئاوڕدانەوە لە قەزاکەیان، بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان.

ئاسۆ عەلی مانگرتوویەکی دیکەیە و جەخت لە کەمی خزمەتگوزاریی قەزاکەیان دەکاتەوە و بۆ تۆڕی 964 وتی، تا ئێستا هیچ ئومێدێکی دڵخۆشکەر نییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی دەربەندیخان.

دوای سێ رۆژ مانگرتنی هێمنانەی دەربەندییەکان، شەوی رابردوو گرژی لە نێوان هێزەکانی چالاکیە مەدەنیەکان و چەند گەنجێک دروست دەبێت و بە گازی فرمێسک رێژ رووبەڕووی ئەو گەنجانە دەبنەوە کە هەوڵیانداوە ئاراستەی مانگرتنەکە بگۆڕن.

سلێمان حەمە سەعید قایمقامی دەربەندیخان، بۆ تۆڕی 964، جەختی لە پشتیوانی داوای مانگرتووان کردەوە و ئەوەشی دووپاتکردەوە کە لە یەکەم رۆژی مانگرتنەکەوە لەگەڵیاندایە و رۆژانە سەردانیان دەکات.
ئەو قایمقامە ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری گرفتەکانی قەزاکەن، هۆکاری چارەسەر نەکردنیشی بۆ کەمتەرخەمی و نا دادی لەلایەن حکومەتەوە گەڕاندەوە.

مانگرتوانی دەربەندیخان رۆژ بە رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە و سوورتر دەبن لەسەر داوا رەواکانیان، بە وتەی خۆشیان خێوەتەکانیان لەسەر شەقامەکە دەمێنێتەوە تا وەڵامی تەواو وەردەگرن.