کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە

لە هەر پێنج فەرمانبەرێک تەنیا یەکێکیان ماوە نەچووبێتنە سەر هەژماری من و تەوتین

ژووری هەواڵ

دیوانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاند 80%ی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیان بە بانکی کراوە، بەپێی ئەم حیسابەش بێت لە هەر پێنج فەرمانبەرێک تەنیا یەکێک ماوە موچەکەی بچێتە سەر هەژماری من یان تەوتین بکرێت.

دیوانی چاودێری دارایی عێراق: 80%ی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیان بە بانکی کراوە

ئەمڕۆ دووشەممە (09.12.2024) لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی کردووە، لەوێ باسی پرۆسەی بە بانکیکردنی موچەخۆرانی هەرێم کراوە، تیمەکەی چاودێری دارایی وتویانە ”رێژەی تەوتین 80%ی تێپەڕاندووە لەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دانپیادانراون، کۆتایی ئەمساڵیش دوا مۆڵەتە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بایۆمەتری لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی دوو موچەیی”.

هەرچەندە ئەمە راگەیەندراوە فەرمییەکەیە، بەڵام لە راستیدا هێشتا رێژەکە نەگەیشتووەتە 80% بەڵکو لێی نزیک بووەتەوە.

لە راستیدا هێشتا رێژەکە نەگەیشتووەتە 80% بەڵکو لێی نزیک بووەتەوە

بەپێی ئەو زانیاریانەی 964 لە تیمی هەژماری من دەستیکەوتووە، تائێستا 72% کۆی فەرمانبەرانی هەرێم موچەکەیان چووەتە سەر هەژماری من ”لەکۆی 429 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 320 هەزار فەرمانبەر چونەتە سەر هەژماری من”.

لەکۆی 429 هەزار فەرمانبەری مەدەنی، 320 هەزار فەرمانبەر چونەتە سەر هەژماری من

لە هەولێرو دهۆک نزیک بووەتەوە لەوەی هەموو فەرمانبەران لەسەر هەژماری من بن، چونکە هەریەکەیان رێژەکەیان 96% دەبێت، بەڵام هێشتا ئەوەی سلێمانی نەگەیشتووەتە نیوەو 35%ی فەرمانبەرانی مەدەنی لەسەر هەژماری منن.

لە هەولێرو دهۆک 96%و لە سلێمانی 35% فەرمانبەران چوونەتە سەر هەژماری من

ئەم داتایە مەبەست لێی تەنیا فەرمانبەرانی مەدەنییە، ئەگەرنا کۆی موچەخۆران زۆر لەوە زیاترە.

هەموو موچەخۆرانی هەرێم پێکەوە ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن و 200 هەزار موچەخۆر (فەرمانبەرانی مەدەنی، پێشمەرگەو ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان، کەسوکاری شەهیدو ئەنفالکراوان، خانەنشینان).

هەموو موچەخۆرانی هەرێم پێکەوە ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن و 200 هەزار موچەخۆر

بەپێی ئەو داتایانەی 964 لە تیمی هەژماری من لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتووە، ئێستا 750 هەزار فەرمانبەر چوونەتە سەر هەژماری من، واتە نزیکەی 63%ی هەموو موچەخۆرانی هەرێم دەکات.

هەژماری من بۆ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە لە چوارچێوەی بانکە پەسەندکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق