بێ پارەیی پڕۆژەکانی گەرمیانی پەكخستووە

+964
هونەر فارس – گەرمیان

بەهۆی نەبوونی پارەوە 64 پڕۆژە لە گەرمیان راگیراون و ئەو 14 پڕۆژەیەش کە کاریان تێدا دەکرێت هۆشداریی لە راگیرانیان دەدرێت.

لە گەرمیان 144 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی هەیە، لە کۆی ئەو پڕۆژانە 64یان راگیراون و 14 پڕۆژەی دیکەیان ناوبەناو کاریان تێدا دەکرێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و دابیننەکردنی بودجەی نەختینەییەوە، بەڵێندەری ئەو 14 پڕۆژەیەش هەڕەشەی راگرتنی کارەکانیان دەکەن.

عومەر وەلی بەڕێوەبەری پلاندانان لە ئیدارەی گەرمیان، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لەکۆی ئەو 144پڕۆژەیە، شەش پڕۆژەیان گرێبەستەکەیان هەڵوەشاوەتەوە و پێنج پڕۆژەی دیکەیان بەڵێندەرەکانیان کشاونەتەوە و 21 پڕۆژەی دیکەیان هی ساڵەکانی 2012 و 2013ن.

بە قسەی عومەر وەلی، ئەو 39 پڕۆژەیەی دیکە کە لە ساڵی 2022 ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنیان داوە، 21 پڕۆژەیان لە قۆناغی تەندەریندایە و نۆ پڕۆژەیان راستەوخۆ چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەیان بۆ خەرج ناکرێت کارەکانیان راگیراوە.

سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە لە گەرمیان راگیراون پڕۆژەی ستراتیژین و لە نێویاندا رێگەی کەلار- سلێمانی و
نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە منداڵان و بەنداوی باوەنوور هەیە کە بە تەواوبوونیان کارئاسانی زۆر بۆ گەرمیانییەکان دەکەن.

زۆربەی پڕۆژەكان دەكەونە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و بەشێك لە پڕۆژەكانیش دەكەونە گوندەكانی دەوروبەری.