پێش ئەوەی بخەون ئەمە بخوێننەوەو هەموو شت دەزانن

رژێمەکەی ئەسەد شەوێکی قورس بەڕێدەکات و وەڵامەکە لە شاری حمس دەبێت

964+

ژووری هەواڵ

کاتژمێرەکانی داهاتوو بۆ رژێمەکەی ئەسەد یەکلاکەرەوەیە، دوو سیناریۆی بەهێز ئامادەن، یاخود هێزەکەی زیاتڕ هەڕە دەکات، یان خۆی سازدەکاتەوەو بەر بە هێرشی هێزە چەکدارەکان دەگرێت، بەپێى میدیاى فەرمى سوریاش بێت، ئەسەد لە دیمەشقە.

ئەمڕۆش وەک باقی رۆژەکانی تر بۆ هێزەکەی ئەسەد نەهات بوو، بە نزیکەی سێ شاری تری لە دەستدا، بەڵام خاڵی جیاواز ئەوەیە هیچیان بۆ (ئەحرار شام) نەبوون، ئەو هێزەی زیاتر لە هەفتەیەکە دەستپێکردنی شەڕەکەی راگەیاندووە.

پاشنیوەڕۆ، هەموو رووداوەکانی رۆژەکەمان لە راپۆرتێکدا کۆکردبووەوە، ئەمەشیان تەواوکەری ئەوەیە، لە دوای کاتژمێر 4ـى پاشنیوەڕۆوە هەتا 11:30 ئەمشەو، شەوی هەینی کۆکراوەتەوە.

سوریا دەکوڵێت و عێراق دوعای خێری بۆ دەکات...کورد ئامادە...

سوریا دەکوڵێت و عێراق دوعای خێری بۆ دەکات...کورد ئامادەیەو جۆلانیش وازی لە ناوەکەی هێنا

دەیرزوور بۆ هەسەدە، دەرعاو سوەیدا لە کەوتندان

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەییان دەکات چەند رۆژە لەم شەڕانەدا جموجۆڵیان کەمە، بەڵام ئەمڕۆ بەرەو دەیرزوور جوڵان و هەمووی دوو سەعاتێکی خایاند بەتەواوی کۆنترۆڵیان کردو شوێنی سوپای سوریایان گرتەوە.
دەیرزوور شارێکی گرنگ و ستراتیژییە، دەکەوێتە سەر رووباری فورات و لەرێی خاڵی سنووری (بوکەمال – قائیم) عێراق و سوریا پێکەوە گرێدەداتەوە، ئێستا ئەو خاڵە سنوورییەش بەدەست هەسەدەوەیە.
ترس هەبوو لەو ناوچەیە داعش بکەوێتە جموجۆڵ، چونکە لەو دەورووبەرە هەن، بۆیە زوو هەسەدە گرتیە دەست.

سوەیدا زۆربەی کەوت و دەرعا شڵۆقە
هەردوو شاری سوەیداو دەرعا دەکەونە خوارووی سوریاوە، دوورن لەو ناوچانەی چەند رۆژێکە ئەحرار شام شەڕیان تێدا دەکات.
زۆربەی زۆری سوەیدا کەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: سوەیدا لەدەست حکومەتدا نەماوە.
لەولاوە دەرعا بەشێکی کەوتووە، بەتایبەتی خاڵی سنوری نێوان سوریاو ئەردەن.

حمس گرێ گەورەکەیە
شاری حمس لە سەروو دیمەشقەوەیە، ئێستا بووەتە ئامانجی دەستەی تەحریری شام، بەڵام ئەم شارە وەک حەلەب و حەما ئاسان نابێت.
بۆ بیرخستنەوە حەلەب و حەما دوو شاری گەورەو گرنگن لە ماوەی کەمتر لە هەشت رۆژدا لەدەستی سوپای ئەسەددا نەمان، بەڵام دۆخی حمس جیاوازە.
کەوتنی حمس واتە نزیکبوونەوە لە کەوتنی دیمەشق و کەوتنی شارە کەناراوەکانی سوریا کە پێگەی سەرەکی رژێمی سوریا.
زۆربەی زۆری سوپای سوریا کشاوەتەوە بۆ حمس، هەردوو فیرقەی 11 و 18ی سوپا لەوێن کە هێزێکی شەڕکەرن و تانک و چەکە قورسەکان لای ئەوانە، چەند خاڵێکی ئێرانی و روسی لەوێ هەن، ئەمشەویش هەواڵ گەیشت کە چەکدارانی حیزبوڵای لوبنانی گەیشتوونەتە شارەکەو خۆیان قایم کردووە.
کەمێک لەمەوبەر ئاژانسی دەنگوباسی سوریا (سانا) رایگەیاند: هێزێکی زۆری سوپای سوریا گەیشتووەتە حمس.

ئەسەد لە دیمەشقەو ئەمریکاش دەڵێت خەتای خۆتان بوو
لە ئێوارەوە میدیای هێزە چەکدارەکان دەڵێن: بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە دیمەشق نەماوەو چووەتە ئێران، بەڵام کەمێک لەمەوبەر میدیا فەرمییەکانی سوریا ئەمەیان رەتکردەوەو رایانگەیاند: بەشار ئەسەد لە دیمەشقەوە سەرپەرشتی شەڕەکە دەکات.
خەڵکی سوریاو ناوچەکە چاوەڕێ بوون ئەمریکا قسەیەکی هەبێت، بەڵام ئەمریکا جگە لە لۆمە هیچی نەکرد.
کۆشکی سپی کەمتر لە کاتژمێرێک پێش ئێستا رایگەیاند کە سوریا خەتای خۆیەتی و دەڵێت ”ئەوەی روودەدات بەرەنجامی پشت بەستنی سوریایە بە ئێران و روسیا”.

بەشار ئەسەد دەستى لەکارکێشاوەتەوە؟

بەشار ئەسەد دەستى لەکارکێشاوەتەوە؟