نیسان پەتڕۆڵی 2025 نمایش كرا

ژووری بازرگانیی هەولێر: ئاسانكاری بۆ هەموو كۆمپانیاكان دەكەین

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە بۆنەیەكدا لە هەولێر ئەمشەو هەینی 6.12.2024 ئۆتۆمبێلی نیسان پەتڕۆڵ مۆدیل 2025 نمایش كرا، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێریش رایگەیاند، ئاسانكاری بۆ هەموو كۆمپانیاكان دەكەن كاڵا و بەرهەمەكانیان بخەنە بازاڕی هەولێر.

بۆنەكە لە هوتێل رۆتانا بەڕێوەچوو، تێیدا ئۆتۆمبێلی نیسان پەتڕۆڵ مۆدیل 2025 بە هەردوو رەنگی سپی و رەش نمایش كرا.

هەردوو هونەرمەند نازدار و عەمار كوفی بە سواری ئۆتۆمبێلە نوێیەكان هاتنە ناو شانۆی ئاهەنگەكە و دیمەنێكی سەرنجڕاكێشیان پێشكەش كرد.

كەمال سوڵتان بەڕێوەبەری كارگێڕی لە كۆمپانیا سور، بریكاری كۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی لە هەولێر بە 964ی وت، “لە رۆژانی داهاتوو ئۆتۆمبێلە نوێیەكانمان دەكەوێتە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق، نرخیشیان بەراورد بە نرخی ئۆتۆمبێلە گرانبەها و براندەكان و هەروەها سەبارەت بە بازاڕی كوردستان گونجاوە”.

لە لای خۆیەوە سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر گەیلان حاجی سەعید، كە لە بۆنەكەدا ئامادەبوو، بە 964ی وت، ئەوان رۆڵیان هەبووە لەوەی كۆمپانیا گەورەكانی ئۆتۆمبێل نمایشی تازەترین بەرهەمەكانیان لە بازاڕی هەولێر بكەن و بیخەنە بازاڕەوە.

وتیشی: “هەموو ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیاكان دەكەین و ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەبێت بۆ بازرگانی و هێنانی نوێترین و باشترین بەرهەمەكان هاوكار دەبین”.

هەر لە بۆنەكەدا وردەكاری و تایبەتمەندییەكانی نیسان پەتڕۆڵی 2025 بۆ ئامادەبوون روونكرایەوە، كە چەند گۆڕانكارییەك لە تەكنیك و دیزاین و خزمەتگوزارییەكانی كراوە و جوانكاریی زیاتریشی بۆ كراوە بەراورد بە ڤێرژنەكانی پێشووی ئۆتۆمبێلەكە.