دەروازەى دێرەزوور
سوپاى سوریا لە دێرەزوور کشاوەتەوە
چەند کاتژمێرێکى دیکە دێرەزوور دەکەوێت
964+
وریا فەتاح
لە دەیەم رۆژى ئاڵۆزییەکانى سوریادا گۆڕانکارییەکان خێران و کاتژمێرێک بەبێ هەواڵى نوێ تێناپەڕێت، پێشڕەوییەکانى ئەحرار شام بەردەوامە و دواى ئەوە چەکدارەکان چوونە ناو شارەکانی رستن و تەلبیسە و دار کەبیرەو تەیر معەلە، میدیاى نزیک لە ئەحرار شام باس لە دەستبەسەرداگرتنى دێرەزوور دەکەن، هەرچەندە هێزەکانی سوریای دیموکراتیش روویان لەوێیە.
بەپێى میدیاى نزیک لەو گروپە چەکدارانە، دواى کشانەوەى سوپاى سوریا لە دێرەزوور، هێزەکانیان بەرەو ئەوێ جوڵاوەو چەند کاتژمێرێکى دیکە بە قسەى خۆیان بێت دێرەزوور دەکەوێت بن دەستیان، بەلام هێزەکانی سوریای دیموکرست تەماشاوان نین و ئەوانیش جوڵاون
سەرچاوە خۆجێییەکانى نزیک لە هەسەدە باس لەوە دەکەن دواى کشانەوەى سوپاى سوریا لە دێرەزوور، هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە فورات پەڕیونەتەوە و لە دەورووبەرى دێرەزوو ئۆتۆمبێلى ئەو هێزانە بە ئاڵاکەیانەوە بینراون، بەڵام ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ترسی ئەوەی هەیە چەکدارەکانی ئەحرار شام روو لە دەیرزوور بکەن و لەوێ لەگەڵ داعشەکانی بیابانی سوریا یەک بگرنەوەو شەڕێک تووشی ئەمان بکەن، بۆیە خۆیان تەیارو ساز کردووە.
لەسەر ئەو رووداوانە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەم بەیانییە لە حەسەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گرێداو مەترسییەکانی خۆیانی بۆ بارودۆخە نوێیەکە خستەروو، ئەمە پوختەی قسەکانیەتی:
– پێمان سەیربوون سوپای سوریا بەو خێراییە ئەو هەموو ناوچەیەی دا بەدەستەوە.
– لە حەلەب ژمارەیەکی زۆری کورد هەن، ویستمان رێڕەوێکی مرۆییان بۆ بکەینەوە، بەڵام نەکرا.
– لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە پەیوەندیداین بۆ پاراستنی کوردانی حەلەب.
– 250 هەزار کورد لە حەلەب مەترسییان لەسەرەو ئێمە دەمانەوێت پارێزراوبن.
– لەگەڵ ئەحرار شام چەند کەناڵێکی پەیوەندیمان هەیە لە پێناو پاراستنی گەلی خۆمان لەو ناوچانە.
– ئێمە هانی چارەسەری ئاشتیانە دەدەین، دەمانەوێت کورد لەو ناوچانە بە ناسنامەی خۆیانەوە بمێننەوەو رۆڵیان هەبێت.
– ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان لە هەموو کات زیاتر ئامادەین.
– لەم بارودۆخە نوێیە ئاستی هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و روسیا زیاتر کردووە.
– لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەموو لایەنەکانی پەیوەست بەم کێشەیە هەماهەنگیمان هەیە.
– تورکیاو گروپەکانی سەر بە تورکیا بە ئاشکرا هەڕەشەمان لێدەکەن.
– بڕوامان بە چارەسەی ئاشتیانە هەیە، بەڵام ئەگەر بوو بە شەڕ ئامادەین.
– دۆخی سوریا تەنیا بە رێگەچارەی سیاسی و دیالۆگ چارەسەر دەبێت.
– رێکەوتنەکانی پێشوو بۆیە سەریان نەدەگرت، چونکە ئێمە تیایدا بەشدارنەبووین.
– داعش خۆی رێکخستووەتەوەو کەوتووەتە جموجۆڵ.