چیرۆکی کامێراکەی کۆچەر کەریم

127 جۆر باڵندە و چوار ساڵ گەڕان بەدوای جوانییەکانی زاگرۆسدا

ژووری هەواڵ

لە پشت هەر وێنەیەکی سروشتی، چیرۆکێک هەیە، چیرۆکی چاوەڕوانی، ماندووبوون و خۆشەویستی، چیرۆکی گەنجێک کە چوار ساڵە کامێراکەی هەڵگرتووە و بەدوای تۆمارکردنی جوانییە شاراوەکانی سروشتی زاگرۆسدا دەگەڕێت.

کۆچەر کەریم، گەنجێکی دانیشتووی دەربەندیخان، لە ماوەی چوار ساڵ کاری فۆتۆگرافیی مەیدانی توانیویەتی 127 جۆر باڵندەی کێویی تۆمار بکات، ئەوەش لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی وەک دەربەندیخان، گەرمیان، قەرەداغ، شەمێران، بەمۆ، تاوگۆزی و شارەزوور.

بەڵام گەیشتن بەو ژمارەیە کارێکی ئاسان نەبووە، هەندێک جار تەنیا بۆ تۆمارکردنی یەک جۆر باڵندە، دوو هەفتە چاوەڕوانی و بەدواداچوونی بەردەوامی پێویست بووە، چونکە تۆمارکردنی باڵندە لە ژینگە سروشتییەکەیدا، پێویستی بە ئارامی، وردبینی و ناسینی ڕەفتاری ئەو باڵندانە هەیە.

لە نێو تۆمارەکانیدا چەندین جۆری سەرنجڕاکێش و دەگمەن هەن، لەوانە شرایکی شین‌ بەڵەک، فینجی سێوی، شرایکی سنگ‌ قۆخی گەورە و پەڕەسێڵکەی سەرسوور.

کۆچەر لە هەر چوار وەرزی ساڵدا بەردەوامە لە گەشتە مەیدانییەکانی، چونکە بە گۆڕانی وەرزەکان، جۆری باڵندەکانیش دەگۆڕێن، ئامانجی ئەو تەنیا تۆمارکردنی ژمارەیەکی زیاتر نییە، بەڵکوو ناساندنی دەوڵەمەندیی ژینگەیی و پاراستنی جۆراوجۆریی باڵندەکانی ناوچەکەیە.

ئەو پڕۆژەیەکی 10 ساڵەی بۆ خۆی داناوە و هیوای وایە بەردەوام بێت، هەروەها پێی لەسەر گرنگیی هاوکاریی دانیشتوان و گوندنشینان دەربڕیوە ئەوەش بۆ دۆزینەوە و تۆمارکردنی جۆرە جیاوازەکان.

ئەمە چیرۆکی گەنجێکە کە بە کامێراکەی تەنیا وێنە ناگرێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات بەشێک لە گەنجینەی سروشتی زاگرۆس بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت.