چین خۆی تیکتۆکی دروستکرد و بۆ چارەسەریش دەگەڕێت

964+
عادل کانەبی

لە ژوورێکی بچووک، بە دەم تەماشاکردنی مۆبایل و ئایپادەکانیان منداڵەکان یەک یەک ڤیدیۆکانی نێو تیکتۆک دەگۆڕن تاوەکو خەویان لێ دەکەوێت، بەبێ ئەوەی دایکان و باوکان بزانن منداڵەکانیان سەیری چی دەکەن، ئایا چارەنووسی منداڵەکانمان لە مەترسیدایە؟

تیکتۆک پڕە لە ڤیدیۆی کورت و هەمە چەشن بە پێچەوانەی یوتیوب کە پڕە لە ڤیدیۆی دوورودرێژ، وا لە بەکارهێنەر دەکات لە کاتی بەکارهێنانیدا کاتی بیر بچێتەوە بە جۆرێک کاتێک بە ئاگا دێتەوە چەندین خولەک و کاتژمێر تێپەڕیوە.

تیکتۆک سەرەتا لە ساڵی 2016 لە چین درووست بوو، بەڵام لە ساڵی 2017 بووە ئەپێکی جیهانی و لە ساڵی 2019 تا 2020 نزیکەی 693 ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو، ئێستاش لە ساڵی 2023 نزیکەی دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە. ئەمەش وایلێکردووە ببێت بە سێیەم پڕ بەکارهێنەرترین ئەپی سۆشیاڵ میدیا لە دوای فەیسبووک و ئینستاگرام.

کۆمپانیای تیکتۆک لە لایەن کۆمپانیای بایت دانس خاوەندارییەتی دەکرێت، ئەمەش وایکردووە سوودێکی زۆری بۆ تیکتۆک هەبێت چونکە کۆمپانیای بایت دانس تایبەتە بە زیرەکی دەستکرد لەم بوارەشدا چین یەکەمی جیهانە لە برەودان لە زیرەکی دەستکرد، کە وا لە بەکارهێنەران دەکات تەنها ڤیدیۆ خوازراوەکانیان ببینن.

بۆ نموونە ئەگەر بەکارهێنەر بەیانیان تیکتۆکی بەکارهێنا ئەوا تەنیا ئەو ڤیدیۆی تایبەت بە بەیانیان دێتە سەر سکرینی مۆبایلەکەی و بە پێچەوانە ئەگەر شەو بیکەیتەوە ڤیدیۆی ترت بۆ دەهێنێت.

ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر منداڵ هەیە؟

لەوانەی تووشی شۆک ببیت بەڵام لانیکەم بە دوو باردا دەکرێت کاریگەری هەبێت.

یەکەم جۆری بابەتی ڤیدیۆکانە، چونکە بەشێکی زۆری ڤیدیۆکان بابەتی دانس و نمایشکردنی جەستەیە بە شێوازێک دەچێتە خانەی پۆڕنەوە و بەشێکیتری بریتییە لە بابەتی جوانکاری و مەیکئەپ ئارتێستەوە، ئەمەیان رەنگە ئاسایی بێت چونکە لە %60ی بەکارهێنەرانی تیکتۆک لە کچانن.

لە لایەکی دیکە، هەندێك توێژەر دەڵێن، کتۆک وەک مەی و نیکۆتین وایە بەکارهێنەر ئالوودە دەکات و ناتوانێت وازی لێبهێنێت. ئەمەش لە دژی بەکارهێنەر بەکاردەهێندرێتەوە لە لایەن کۆمپانیاکە چونکە تا ماوەیەکی درێژتر لەسەر تیکتۆک بیت ئەوا کۆمپانیا زانیاری زیاتری دەست دەکەوێت لەسەر بەکارهێنەر و بە کۆمپانیاکانی رێکلامی دەفرۆشێت.

هەروەها رەنگە تیکتۆک وا لە منداڵەکان بکات بە هۆی بینینی ڤیدیۆی دەستکاریکراو و جوانکراو شێوە و رووخساری خۆیان لا پەسەند نەبێت، ئەمەش کاریگەری دەروونی خراپی دەبێت لە داهاتوودا.

وڵاتی دروستکەری تیکتۆک خۆی بە شوێن چارەسەر دەگەڕێت

بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە چین هەڵسا بە بەرهەمهێنانی ئەپێکی تازەی هاوشێوەی تیکتۆک کە تایبەتە بە منداڵان کە لەم ئەپە تەنها ڤیدیۆی کورت و فێرکاری پەروەردە، زانستی و بابەتی نیشتیمانپەروەری پەخش دەکرێت، جیاوازی ئەم ئەپە ئەوەیە لە رۆژێکدا دەتوانی تەنیا 40 خولەک بەکاریبهێنن، جێگەی سەرنجە کە ئەمەش تەنیا لە چین بەردەستە و بۆ وڵاتانی تری جیهان بەردەست نییە.

ئەمەی چین ئەنجامیدا بۆ پاراستنی نەوەی داهاتووی خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تیکتۆک کاریگەری نەرێنیی هەیە لەسەر داهاتووی منداڵ و گرنگە دایک و باوکان ئاگادار بن.

دەربارەی ئەم بابەتە وەزارەتی ناوەخۆی عێراق بەم دواییە لێژنەیەکی پێکهێنا بۆ چاودێریکردنی بەرهەمی کەسە ناودارەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا و هەڵسەنگاندنی، بە پیچەوانە ئەگەر بەرهەمەکانیان لەگەڵ نۆرمی کۆمەڵگا نەگونجا ئەوە بەرهەمهێنەرەکە سزا دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستان جێ بەجێ نەکراوە.