قازی خۆماڵی کیلۆی بە 12 هەزارە
هەواکەی ساردی کردووە و بن قەڵای کەرکوکیش لەبەر قازخۆرەکان بەرناکەوێت
964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک
لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا بازاڕی بن قەڵای کەرکوک بەرناکەوێت بەتایبەت بازاری قەل و قاز، فرۆشیارانیش گلەییان لە بارودخەکە هەیە و دەڵێن، قازە خۆماڵیەکە کەمە و خواستی زۆر لەسەرە.
بازاڕی بن قەڵا لە رۆژانی هەینی کڕیارێکی زۆر رووی تێدەکات، ساڵح حەمید کە ماوەی 39 ساڵە دوکانی فرۆشتنی قەل و قازی هەیە لە ناوچەکە بۆ 964 وتی، ماوەی دوو ساڵە قاز زۆر کەم بووەتەوە، چونکە ئەو کەسانەی بەخێوی دەکەن دەیانەوێت کەشوهەوا سارد بێت و بە گرانتر بیفرۆشنەوە، جگەلەوەش ساڵان خەڵک لەناو لادێکان دەژیان و بەخێویان دەکردن، بەڵام ئێستا هەموو لە شار کاری تاکسی و سەرتاشی دەکەن.
لەم وەرزەدا بە گشتی هاوڵاتیان گرنگی بە خواردنی قاز دەدەن، بەتایبەت خۆماڵیەکان وەک قازی شوان و شێخ بزێنی و قەرە سالم و حەویجە، کە خواستێکی یەکجار زۆری کەرکوکیەکانی لەسەرە.
مەریوان ئەحمەد کە دوکاندارێکی ناوچەکەیە دەڵێت، چوار جۆر قاز هەیە، بۆ نمونە ماس كە جوتی بە 400 دۆلارە و جۆری شامی و بولغاریش هەیە، بەڵام خواستی زۆری لەسەر نیە، چونكە گۆشتی ووشكە زیاتر خواست لە سەر قازی خۆمانەیە، كیلۆی بە 10 هەزار دەكڕین بە 12 هەزار دینار دەیفرۆشین، بەتایبەت قازی شوان خواستێکی یەکجار زۆری لەسەرە و بە گەنم و گیا بەخێودەکرێت و پاکە.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح