سوپاى سوریا چاوى لە هاوکارى روسیایە

حەما، هەمان چارەنووسى حەلەب

964+

ژوورى هەواڵ

گرووپە چەکدارەکانی سوریا رایانگەیاند، چوونەتە ناو شاری حەما لە ناوەندی سوریا کە یەکێکە لە شارە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت،”شەڕێکی قورس لە دەورووبەری شارەکەو لەناو شاریشدا بەڕێوەدەچێت”.

دەستەی تەحریری شام و چەند گرووپێکی چەکداری دیکە دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر شاری حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد، روویان کردە شاری حەماو ئەمڕۆ شەڕە گەورەکەی ئەوێ دەستی پێکرد.

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان توانیویانە گرتوخانەی سەرەکیی شارەکە بگرنە دەست و بە سەدان زیندانییان ئازاد کردووە.

لەلای خۆیەوە سوپای سوریاش دەڵێت، بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سیڤیل سەربازەکانیان لە چەند ناوچەیەک کشاونەتەوەو لە هەندێ ناوچەی تر خۆیان رێکخستووەتەوە.

هەرچەندە لە بەیانییەوە میدیای فەرمی سوریا نکوڵی دەکەن لە کەوتنی حەما، بەڵام دەمەو ئێوارە بە ناڕاستەوخۆ دانیان بە لەدەستدانی بەشێکی شارەکەدا ناوەو دەڵێن: حەما لەژێر هێرشێکی قورسدایە.

هەندێ سەرچاوەش باس لەوە دەکەن ئەگەر سوپای سوریا خۆی بگرێت، دوور نییە زوو هێزەکانی روسیا بچن بە هانایانەوە و لایەک بە لایەکدا بخەن.

بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە حەما نزیکە لە کەوتن و رەنگە هەمووی چەند سەعاتێکی پێبچێت و وەک حەلەب بکەوێتە دەست گروپە چەکدارەکان.

سەدر لەسەر دۆخى سوریا هاتە دەنگ

سەدر لەسەر دۆخى سوریا هاتە دەنگ