بەهۆی رەشەبا و بارانەوە
شەوی رابردوو بەشێك لە قەزای بازیان و ناحیەی پیرەمەگروون بێ كارەبا بوون
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
شەوی رابردوو، بەهۆی رەشەبا و بارانی بەخوڕەوە بەشێك لە فیدەرەكانی كارەبای قەزای بازیان و ناحیەی پیرەمەگروون بێ كارەبا بوون و بەڕێوەبەری كارەبای دوكانیش دەڵێت، “كارەبامان بۆ زۆربەی ڤیدەرەكان گەڕاندووەتەوە، تەنیا ڤیدەری 33ـی قەزای بازیان چارەسەر نەكراوە”.
عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای دوكان بە 964ـی وت، “بەهۆی رەشەبا و بارانەوە هەشت فیدەرمان لە هەریەك لە قەزای بازیان و پیرەمەگروون تووشی پچڕان بوون، كە بەشێكیان تەلەكانیان بەربووەتەوە و ئەوانەی گوندەكانیش بەهۆی بەریەككەوتن و كاریگەری رەشەباكەوە پچڕابوون”.
وتیشی، ئەو فیدەرانەی كە كێشەیان بۆ دروست بووە، هەریەك لە ڤیدەرەكانی 33ی قەزای بازیان، ڤیدەری 5 ی گوندەكانی سنوری پیرەمەگروون و دوو ڤیدەری ناحیەی پیرەمەگروون بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی 20 گوندی سنوری ناحیەی پیرەمەگروون بێ كارەبا بوون، لەوانەش، گوندەكانی سابوراوا، حاجیتان، موغاغ، چاڵاخ، كانی شۆك، عەوەڵان، جوبڵاخ دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، كێشەی ڤیدەری 33ـی بازیان بەهۆی تاریكییەوە لەشەودا نەمانتوانی بیدۆزینەوە، بەڵام لەبەرئەوەی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی و بازگەی ئەڵڵایی، كە دوو شوێنی هەستیارن كارەبایان لەسەر ئەو ڤیدەرە بوو، كارەبای شوێنی دیكەمان بڕی و كارەبامان بۆ ئەوان گەڕاندەوە.
“تائێستا تیمەكانی چاكسازیمان لەكاردان و لەهەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی كارەبا بۆ ئەو ڤیدەرەی كە لەشەودا نەتوانرا چارەسەر بكرێت، تا پاشنیوەڕۆ كارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە”، بەڕێوەبەری كارەبای دوكان وای وت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری