خولی ئەستێرەكانی عێراق
هەولێر لەگەڵ تیپێك یاریی هەیە لەم وەرزەدا هیچ یارییەكی نەبردووەتەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
یانەی هەولێر ئەمڕۆ لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق رووبەڕووی یانەی حدوود دەبێتەوە، ئەو یانەیەی لەم وەرزەدا هەر حەوت یاریی دۆڕاندووە.
یارییەكە لە گەڕی هەشتەمی خولەكەیە و كاتژمێر 7:30 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.
یانەی هەولێر خۆی بۆ بردنەوە ئامادەكردووە و دڵیشیان بەوە خۆشە، یانەی حدوود لەو حەوت یارییەی لەم وەرزە كردوونی، هەموویانی دۆڕاندووە.
بەڵام تیپەكە لە ماوەی وەستانی خولی عێراق راهێنەرێكی نوێی هێناوە، كە سائیر جەسامە و ناسراوە، هەروەها خۆیان رێكخستووەتەوە.
یانەی هەولێر چەند یاریزانێكی تووشی پێكان هاتبوون، بەڵام ئەمڕۆ زۆربەیان دەگەڕێنەوە، بە تایبەتی شێركۆ كەریم ئەستێرە و كاپتنی تیپەكە، بەڵام ئوسامە رەشیدی یاریزانی ناوەڕاست هێشتا چاكنەبووەتەوە.
سامان بریفكانی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، یاریكردنی ئەو یاریزانانەی تازە لە پێكان گەڕاونەتەوە، بە بڕیاری راهێنەر دەبێت و دیار نییە كامەیان یاریی دەكەن.
پێش بەڕێوەچوونی یارییەكەی ئەمڕۆ، یانەی هەولێر لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە و 11 خاڵی هەیە، یانەی حدوودیش لە دواپلەی ریزبەندییە و هیچ خاڵێكی نییە.