ئەنجامی سەرژمێری راگەیەندرا
سودانی لەدوای سەرژمێری: ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە
964+
ژووری هەواڵ
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشێک لە ئەنجامی سەرژمێری گشتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 45 ملیۆن کەس.
ئەمڕۆ دووشەممە 25.11.2024، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی خێزان گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان و کۆی گشتی دانیشتووانیش بە بیانی و پەنابەرانەوە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 890 کەسە.
بە وتەی سودانی، هاوڵاتیانی نیشتەجێی شارەکان 70٪ و نیشتەجێبووانی گوندەکانیش 28٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن.
سودانی راشیگەیاند، “سەرژمێری گشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و دەستکەوتێکی گرنگە بۆ عێراق و حکومەتەکانی داهاتوو.”
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سودانی ئاشکرایکرد، ژمارەی نێر لە عێراق 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەسە، کە دەکاتە 50.1٪ـی دانیشتووان و ژمارەی مێ 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەسە، کە دەکاتە 49.8٪ـی دانیشتووان.