لە پڕۆسەی سەرژمێریدا

بەرپرسی خانەی بەساڵاچووان دەبێتە سەرۆک خێزانی دنیادیدەکان

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە پڕۆسەی سەرژمێریدا کاتێک بژمێرکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، یەکێک لە پرسیارەکانیان پەیوەستە بە تۆمارکردنی ناوی سەرۆک خێزانەکان، بەڵام لە خانەی بەساڵاچوان، بەرپرسی خانەکە دەبێت بە سەرۆک خێزان و ناوی ئەندامانی خانەکەی لەسەر تۆمار دەکرێت.

شیرین عەبدولجەبار بەرپرسی خانەی بەساڵاچوان لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی  وت، “خانەکەمان لە پڕۆسەی سەرژمێریدا بێبەش نەبوو و ئەوانەی لێرە دەژین وەک دایک و باوکمن”.

“لە کاتی بەڕێوەچوونی قۆناغی یەکەم و دووەمی سەرژمێری گشتییدا بوومە دایکی 26 کەسی بەساڵاچوو کە تەمەنیان زیاترە لە 60 ساڵ و لەسەر ناوەکەم تومارکران”، شیرین عەبدولجەبار وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە 11ـیان ژن و 15 کەسیشیان پیاون.

ئەوەشی خستەڕوو، لەخانەی بەساڵاچوان بەپێی تەمەنێکی دیاریکراو خەڵک وەردەگرن، واتە ژنەکان دەبێت تەمەنیان زیاتر بێت لە  55 ساڵ و پیاوەکانیش لەسەروو 60 ساڵەوە بن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری