کۆمکارى عەرەبى بەپەلە کۆدەبێتەوە

هەڕەشەى ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر عێراق ئیشى خۆى کرد

وریا فەتاح

حکومەتى ئیسرائیل نامەیەکى هەڕەشەى بۆ عێراق ناردووە و تێیدا هاتووە، هێرشى گروپە چەکدارەکانى عێراق بۆسەر ئیسرائیل بەردەوامن، بۆیە بەپێى میسقاقى نەتەوە یەکگرتووەکان ماقى بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە، لەسەر ئەو هەڕەشەیە، بڕیارە کۆمکارى عەرەبى لەسەر داواى عێراق بەپەلە کۆبوونەوەیەک بکات.

لە کاتى بەشداریکردن لە پانێڵێکى کۆڕبەندى مێپس کە ئەمڕۆ لە دهۆک بەڕێوەچوو، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ناوەڕۆکى نامەیەکى هەڕەشەئامێزى ئیسرائیلى خستەڕوو کە حکومەتى ئیسرائیل ئاراستەى نەتەوە یەکگرتووەکانى کردووە.

بەپێى قسەى وەزیرى دەرەوەى عێراق، لە نامەکەدا ئیسرائیل باسى لەوە کردووە، ئیسرائیل مافى خۆیەتى بەپێى مادەى  51ـى میساقى نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگرى لەخۆى بکات.

ئەم هەڕەشەیە عێراقى شپرزە کردووە، هەر بۆیە ئەمڕۆ کۆمکارى عەرەبى بڕیاریدا رۆژى یەکشەممە لەسەر داواى حکومەتى بەغدا، وڵاتانى ئەندام کۆبوونەوەیەکى بەپەلە بکەن.

وەک ئەوەى ئاژانسى دەنگوباسى عێراق بڵاوى کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى پرسى رووبەڕووبونەوە و هەڕەشەکانى ئیسرائیل بۆسەر گروپە چەکدارەکانى عێراق دەکرێت.

لە ماوەى رابردوودا، چەند جارێک گروپە چەکدارەکانى عێراق کە نزیکن لە ئێران هێرشی درۆنیان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا و زەبرى خۆیان وەشاندووە و زیانى گیانیشى لێداون.

وەک ئەوەى وەزیرى دەرەوەى عێراق باسى کرد، لەم کۆتاییانەدا نامەى نوسراویان بەدەست گەیشتووە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە و هەر لەسەر ئەو بابەتە نامەیەکى ناتانیاهۆ گەیشتووە بە نیۆیۆرک.