لەژێر چاودێرى ئەمنى
ئەو کەڵە کێوییەى رێى لێ هەڵە ببوو گەڕێندرایەوە ناو سروشت
964+
وریا فەتاح
ئەو کەڵە کێوییەى لە سنوورى دەربەندیخان رێى لێ هەڵە ببوو، رێزێکى زۆرى لێنرا و خزمەتێکى باشى کرا، دواى چارەسەرکردنیشى لەژێر چاودێریی ئەمنى گەڕێندرایەوە ناو سرووشت.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، دوای ئەوەی لە لایەن هاووڵاتییەکی گوندی چرچەقڵا بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان ئاگادار کرایەوە کە ئاژەڵێکی کێوی لە جۆرى ( کەڵەکێوی ) رێی لێ هەڵە بووەو هاتۆتە ناو ئاژەڵەکانی، مەفرەزەیەك لە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان گەیشتنە گوندەکە و کەڵە کێوییەکەیان گواستەوە بۆ بەشی ڤێرتێرنەرى دەربەندیخان بە مەبەستی چارەسەرکردنی.
وەک باسى دەکات، دوای پشکنین و چارەسەرکردنی کەڵە کێوییەکە، لەلایەن نوێنەری قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان و بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان ئازادکراو گەڕێندرایەوە بۆ سروشت و ژینگە .
“لە پێناو پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکە و رێگریکردن لە راوکردنی لە لایەن هاووڵاتیانەوە، کارمەندانی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان ئەرکی چاودێریکردنیان گرتە ئەستۆ تا بە تەواوی گەڕایەوە سروشت و ژینگە و هیچ مەترسیەکی لەسەر نەما”، پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى وا دەڵێت.