کاسبکارانی عەلوەکە وادەڵێن:

“ھەر بارێک بێتە عەلوەی کەلار بە ناچاری پێنج ھەزارمان لێوەردەگیرێت”

میلاد جەلال – گەرمیان

ھەر کاسبکارێکی عەلوەی کەلار باری ھەبێت، لەکاتی داخلبوونی بارەکەی بۆناو عەلوە کێشانە دەکرێت و بڕی پێنج ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت، ئەمەش کاسبکارانی عەلوەکەی نیگەران کردووە.

کاسبکارێکی عەلوەی کەلار، کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت، “پێشتر ئەم بڕیارە نەبووە، لە پێرێ دووشەممەوە ئەم قەرارەیان داوە و ھەر بارێک کە دێتە عەلوەکە کێشانەدەکرێت و پێنج ھەزارمان لێوەردەگرن”.

“ئەو بارانەی کە بۆمان دێت لە دەروازە سنووریەکانەوە بێت یان لە عەلوەی سلێمانیەوە یان بەرھەمی ناوخۆ و جوتیارەکانی کەلار بێت، پێش ئەوەی بێتە عەلوەکە ئەوان کێشانەی دەکەن بەس بۆئەوەی ئەو پێنج ھەزارە وەرگرن”،ئەو کاسبکارە وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بارانەی دەیکڕین ئێمە بەکێشانەوە دەیکڕین، پێویستی بە کێشانەی عەلوەکە نییە و ئەمەش تەنھا لە عەلوەی کەلار ھەیە و لەھیچ شارێکی دیکە نییە.

پەیامنێری 964 پەیوەندیکرد بە شادیە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی کەلار، وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی