عەقیدێک بە وەکالەت دانرا

بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک گۆڕدرا

کاروان ساڵحی-کەرکوک

بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک گۆڕدرا و عەقید ئەرکان ئەکرەم بەوەکالەت کاروبارەکان ئەنجام دەدات.

عەمید سابیر محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بانگهێشتی عەمید مستەفا نەوزاد بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکوک و 17 ئەفسەر و پۆلیسی دیکەی کرد بۆ بەغدا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، ئەمڕۆ هەینی 22.11.2024، ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید بە ناوی ئەرکان ئەکرەم بە وەکالەت کرا بە بەڕێوەبەری کاروباری بازگەکانی کەرکوک”.

وتیشی، “مستەفا نەوزاد ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەت بانگهێشتی کردووە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هەندێک کاری ئیداریی و لێکۆڵینەوە”.

بە پێی بەدواداچونی 964، عەقید ئەرکان ئەکرەم ئەفسەرە لە کاروباری بازگەکان و لێپرسراوی ئیدارییە، لە نەتەوەی تورکمانە و نزیکە لە باڵی ئەرشەد ساڵحیەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لێپێچینەوەیان لەگەڵ 18 ئەفسەرو کارمەندی بازگەکان کردووە و لەسەریان ساغ بووەتەوە گەندەڵی داراییان کردووە و دەستگیرکراون.

پێشتر باسی دەستگیرکردنی 320 ئەفسەر و کارمەند دەکرا، وەزارەتی ناوخۆ لە دواهەمین بەیاننامەیدا نەیوتبوو ئەو ژمارەیە راست نییە، تەنیا ئاماژەی بەوە دابوو کە پەیوەندی بەسەرژمێرییەوە نییە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری