زۆنگاوی دەستکرد. فۆتۆ: زانکۆی سلێمانی
رۆژانە چوار هەزار لیتر ئاو
زانکۆی سلێمانی بە زۆنگاوی دەستکرد ئاوی ئاوەڕۆ پاکدەکاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
لەنێو زانکۆی سلێمانی پرۆژەی زۆنگاوی دەستکرد جێبەجێکراوە کە لە رێگەیەوە ئاوی ئاوەڕۆ پاکدەکرێتەوە و بۆ ئاودانی درەخت و سەوزایی بەکاردەهێنرێت و ناهێڵێت ئاوی پیسی بەشێک لە ئاوەڕۆکان تێکەڵ بە ئاوی سەر زەوی ببێت.
پرۆژەکە بە پاڵپشتی دارایی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) جێبەجێکراوە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا لە زانکۆی سلێمانی هەیە، کە ئاوی ئاوەڕۆکان لەڕێگەی زۆنگاوی دەستکردەوە پاکدەکاتەوە بەجۆرێک کە شیاوبێت بۆ بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودێری.
د. رامان قەلەندەر، لێپرسراوی ئۆفیسی پرۆژەکان لە زانکۆی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پرۆژەکە رۆژانە دەتوانێت چوار هەزار لیتر ئاو خاوێن بکاتەوە، بۆ پاککردنەوەی ئاوەکەش پشت بە رێگەیەکی ژینگەدۆستانە دەبەسترێت.
تاوەکو ئێستا پرۆژەکە بۆئەوە نییە ئاوی ئاوەڕۆ بۆ خواردنەوە پاکبکاتەوە، بەڵام دەتوانێت رێگری لە تێکەڵبوونی ئاوی پیسی ئاوەڕۆکان بکات تێکەڵ بە ئاوی سەرزەوی.
ئاوەکە بە سێ قۆناغ پاکدەکرێتەوە؛ لە قۆناغی یەکەمدا ئاوەکە بە ناو تۆڕێکدا دەڕوات بۆئەوەی پارچە گەورەکانی وەکو پلاستیک و تەختە و داری لێ بپاڵێوین، دواتر لە حەوزی دووەمدا، کە قامیشی تێدا روێنراوە و حەوزی سێیەمیش زەلی تێدا چێنراوە، ئاوەکە زیاتر پاکدەکرێتەوە،لە کانزا قورسەکان و ڕۆن و گریس تەنانەت بەکتریاو زیندەوەرە زیان بەخشەکانش لەناو دەبات کە کاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستی و بڵاو بوونەوەی نەخۆشی .
ئەم رێگە چارەیە تەواو ژینگە دۆستە وە هاوڕێی ژینگەیە و کاریگەری هەیە لە کەم کردنەوەی گازی دوان ئۆکسید کاربۆن و بوژاندنەوەی هەمەچەشنە زیندەوەری.