30 کارگە هەن
لە هەرێمی کوردستان و عێراق 20 کارگەی دەرمان لەژێر دروستکردندان
964+
ژووری هەواڵ
لە هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 20 کارگەی نوێی دروستکردنی دەرمان لەژێر کارکردندان کە رێژەی کارکردن تێیاندا لەنێوان 25٪ بۆ 80٪ـیە، وەزیری تەندروستی عێراقیش دەڵێت، بەرهەمی کارگەکانی دەرمان پێداویستی ناوخۆ پڕناکەنەوە.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە 30 کارگەی دەرمان لە عێراقدا هەن و 20 کارگەی دیکەش لە قۆناغی دروستکردندان کە رێژەی کارکردن تیایاندا لەنێوان 25٪ بۆ 80٪ـیە. دەشڵێت، بەشێک لە کارگە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن.
بە وتەی وەزیری تەندروستی عێراق، پێش ئەوەی دەرمانەکان بخرێنە بازاڕەوە، لەدوای دروستکردنیان پشکنینی تەواویان بۆ دەکرێت بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و سەلامەتیان بۆ بەکارهێنان.
ساڵح حەسناوی راشیگەیاندووە، بەردەوام دەبن لەسەر زیادکردنی ژمارەی کارگەکان و هەمەچەشنکردنی دەرمانەکان و گرنگیدان بە کوالێتیان و دەیانەوێت “لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا بگەینە قۆناغێک کە نزیکەی 90٪ـی پێداویستییەکانی وڵات لەڕێگەی دەرمانی ناوخۆییەوە پڕ بکەینەوە”.