راوێژکارێکی حکومەت قسەدەکات

عێراق داوای قەرزی نەکردووە لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی

ئەحمەد مستەفا

عێراق تا ئێستا داواكارییەكی فەرمی بۆ وەرگرتنی قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشكەش نەكردووە، راوێژکارە نێودارەکەی حکومەت بۆ کاروباری دارایی دەڵێ، پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ سندوقەكەدا دەپارێزین، تیمێكی حكومیش ساڵانە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسەكانی ئەنجامدەدات.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارەکەیە ئەو بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی وتووە، عێراق پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هەیە و لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە پێنج رێككەوتنی ئەنجامداوە، كە سێیان رێككەوتنی ئامادەباشییە، ئەوانی دیكەش پەیوەندییان بە پاڵپشتی فریاگوزارییەوە هەیە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) دەزگایەکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە جێگیرکردنی ئابووری و سیستەمی دراوی جیھانی. کارەکانی ئەم سندوقە بە شێوەیەکی سەرەکی لەم چوار خاڵەدا چڕ دەبنەوە، (پاراستنی سەقامگیریی ئابووری، پێدانی قەرز، راوێژکاری و رێنمایی و گەشەپێدانی جیھانی).

سندوقەكە لەماوەی 23 ساڵی رابردوودا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پاڵپشتیكردنی ئابووری عێراق، بەتایبەتی كە ئێستا عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدایە كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە بەهۆی شەڕی بەردەوامی ناوچەكەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە 85%ی هەناردەكردنی نەوتی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، ئەمەش زیانێكی بەرچاو و نیگەرانی نێودەوڵەتیی لێكەوتووەتەوە.

ساڵح وتی، عێراق رێككەوتنی ئامادەباشی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە 2016 واژۆكردووە، كە قەرزێكی بەرچاوی دابینكرد و رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی بودجەی گشتی، ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بڕیارێكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، رێگری ناكات لە راوێژكاری نێوان هەردوولا، بەو پێیەی عێراق ئەندامی ئەم دامەزراوەیە و بەرپرسیارە لە سەقامگیری جیهانی.

لەبارەی دەنگۆی داواکردنی قەرز، راوێژکارە داراییەکەی حکومەت وتی، عێراق قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەردەگرێت ئەگەر پێویستیش بێتە پێشەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ داواكارییەكی فەرمی لەلایەن حكومەتەوە نییە، پێویستی ئێستا ئەوەیە كە شەڕی ناوچەكە كۆتایی پێبێت و كاریگەرییە جیۆپۆلیتیكییەكانی لەسەر هەناردەكردنی نەوت رابگیرێت.