لە قوتابخانەکانی دوزخورماتوو

پیاوانی ئاگرکوژێنەوە داگیرساندنی هیتەر و سۆپا فێری قوتابییان دەکەن

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

نزیک بوونەوە لە سەرمای زستان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرم کەرەوە، تیمەکانی لیژنەی ئاگرکوژێنەوەی خورماتووی وا لێکرد، دەست بە هەڵمەتێکی هۆشاری و فێرکاریی لە سەرجەم قوتابخانەکانی قەزاکە بکەن.

ئەوان، بەشێوەی کرداری و زارەکی قوتابییەکان لەسەر هەڵکردن و داگیرساندنی ئامێرە کارەبایی و سوتەمەنییەکانی پەیوەست بە خۆ گەرمکردنەوە رادەهێنن، هەروەها تایبەتر مامەڵکردن لەگەڵ ئاگر کاتێک روودەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10.11.2024، سوبحی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بنکەی ئاگرکوژێنەوەى دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکە بۆ هۆشداریدانە بە قوتابیان کە چۆن بتوانن مامەڵە لەگەڵ ساتی ئاگرکەوتنەوەدا بکەن و رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر، بەشێوەیی کرداری و زارەکیی بۆ قوتابیانی روون دەکەینەوە”.

مامەڵ کردن، لەگەڵ ساتی کەوتنەوەی ئاگری بچووک و خۆپارێزی خۆیان و دەوروبەریان و دەستبەجێ کۆنتڕۆڵ کردنی گرنگی بەرچاوی پێ دراوە.

یەکەمجارە هەڵمەتی لەو شێوەیە لە قوتابخانەکان بەرێوەبچێت و ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین و رووداوەکانی کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوە لەنێو ماڵەکاندا بەهۆی ئیشپێکردنی هیتەر و سۆپا و ئامێرەکانی گەرمکەرەوە زیاد دەکەن، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی دوزخورماتوو وتی، بەزۆری منداڵان هۆکاری سەرەکین، بەهۆی کەمی هۆشیارییەوە.

ساڵی رابردوو زیاتر لە 30 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر لە قەزاکە روویانداوە، لە ماوەکانی رابردوودا بەھۆی ئاگرکەوتنەوە، دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 10 کەسیش برینداربوون و بەهۆیەوە بەشێک لە جەستەیان سوتاوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا