بەزووترین کات
تۆڕی ئاوی نوێ بۆ دوو گەڕەکی”هەواران و شارستانی” دادەنرێت
+964
ژوولی عەدنان
،داوادەکرێت تۆڕێکی نوێی ئاو بۆ هەڵەبجە و قەزای شارەزوور دابنرێت چونکە “بۆڕییەکان بەکەڵک نەماون” و خەڵکی تووشی نەخۆشی بوون
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەش رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور بۆ 964 ئەوەی وت “داوامان کردووە لە سبەینێوە دەستبکرێت بە دانانی تۆڕی ئاوی نوێ بۆ هەردوو گەڕەکی هەواران و شارستانی، چونکە نەخۆشییەکە دانیشتووانی ئەم دوو گەڕەکەی گرتووەتەوە”.
وتیشی، پێشتر داوامان کردبوو “تۆڕی ئاوی هەموو قەزای شارەزوور نوێ بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
رەمەزان عارف لەرێگەی 964ـەوە داوادەکات “دەنگی بگاتە شارەوانی سلێمانی و بەهانایانەوەبێن، گرفتی ئاوی شارەزوور چارەسەر بکەن”.
لەلایەکی دیکەوە تیمێک لە خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی هاتوونەتە قەزاکە و نموونەی ئاوی گەڕەکی هەواران و شارستانی وەرگیراوە، رەوانەی سلێمانی کراوە بۆ پشکنین.
لە سێ رۆژی رابردوودا لە شارەزوور حاڵەتی لە ناکاوی سکچوون و رشانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو و بەردەوام بوونی هەبووە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 700 کەس سەردانی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگیان لە شارەزوور کردووە.