نرخى تۆنێك هه‌روه‌كو خۆیه‌تى

عێراق له‌ ساڵى داهاتوو 300 هه‌زار تۆن گه‌نم كه‌متر له‌ جوتیارانى هه‌رێم وه‌رده‌گرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی پلانى حكومه‌تى عێراق بۆ وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ ساڵى داهاتوو 300 هه‌زار تۆن كه‌متر له‌ جویتارانى هه‌رێم وه‌رده‌گرێت، بۆ ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كانیان روونكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌، لە چوارچێوەی پلانی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی وەزاری ئابوری عێراق تایبەت بە پرسی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم و عێراقه‌، لە سایلۆکان بۆ ساڵی 2024 – 2025.

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ دوابەدوای چەندین کۆبونەوە و پێداگیری زۆری تیمی تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى هه‌رێم، بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و عێراق ، پلانه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌.

بۆ هەر تۆنێک گه‌نم وه‌كو ساڵى رابردوو، بڕی 850 هەزار دینار دیاریکراوە.

پلانی رێژه‌ی وەرگرتن بۆ نزیکەی 50% لە ئاستی عێراق و هەرێم کەمکراوەتەوە، لەسەر ئاستی عێراق ئەمساڵ بەگشتی تەنها سێ ملیۆن و 600 هه‌زار تۆن گەنم وەردەگرێت، كه‌ بەشی هەرێمی کوردستان تەنیا 400 هەزار تۆن دیاریکراوە.

بەراود بە ساڵی رابردوو کە زیاتر لە شه‌ش ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە و بەشی هەرێمی کوردستانیش لە پلانی وەرگرتنی ساڵی رابردوو بریتی بوو لە نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنم.

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ هۆكاره‌كانى عێراقی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم ئاشكرا كردووه‌ كه‌ بریتین له‌:

–      کێشەی بودجە و میزانیە لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی و مانەوەی پارەی شایستەی جوتیاران کە بریتیە لە 803 ملیار دینار کە تاوەکو ئێستا سەرف نەکراوە بۆ جوتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان .

–      کێشەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و مەترسیەکان و ئاماژەکانی کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و دیاردەی وشکەساڵی و بە بیابانبوونی بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوەراست و خواروی عێراق .

–      بابەتی کێشەی مانەوەی گەنمی وەرگیراوە لە سایلۆکانی حکومەتی عێراقی و توانای خەزنی گەنم لە سایلۆکان کە ساڵی رابردوو زیاتر لە شه‌ش ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوەتەوە .

روونیكردووه‌ته‌وه‌، لەسەر ئەو بنەمایانە رێژەی وەرگرتنی گەنم کەمیکردووە لە داچاندنی گەنم لە هەرێمی کوردستان و عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ش دەکاتە رێژەی کەمکردنەوەی داچاندنی گەنم لە نۆ ملیۆن دۆنم زەوی بۆ چوار‌ ملیۆن و هەشت سەد هەزار دۆنم زەوی.

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ده‌ڵێت، كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ لە ئاستی خواستی وەزارەت و لیژنەی دانوسانی هەرێم نەبووە، بەڵام لە هەمانکاتدا بڕی 400 هەزار تۆن گەنم دیاریکراوه بۆ هەرێمی کوردستان، پێشنیاریش کراوە کە لە بەغدا بڕی زیادەی گەنمی دەرەوەی پلانی راگەیەنراوی وەرگرتن، بە نرخی بۆرسەی جیهانی وەربگیرێتەوە.

له‌ گوندێكى كوردستان به ‌شێوازێكی تایبه‌ت ده‌ست به‌...

له‌ گوندێكى كوردستان به ‌شێوازێكی تایبه‌ت ده‌ست به‌ چاندنى گه‌نم كرا