بە شەویش لە کار کردن ناوەستن

کەرکوک پەلە دەکات و دەیەوێت پێش وەرزی باران گەڕەکەکانی کۆنکریت بکات

+964

ژێوار خدر

شارەوانی کەرکوک قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و دەستیکردووە بە کۆنکریت کردنی گەڕەکە نوێ و هەژارنشینەکانی و دەیەوێت پێش وەرزی باران هەمووی تەواو بکات.

عەدنان حەمە شکور، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانيی کەرکوک بە 964ـی وت، لەسەر داواکاری پارێزگاری کەرکوک و لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان زوو تەواو بوونی پڕۆژەکان، دەستمانکردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی کۆنکریت کردن و ئامادەکاری بۆ کۆنکریت لە 6 بۆ 7 گەڕەکی ناو شاری کەرکوک.

وتیشی، کۆمپانیای جێبەجێکار لەپێناو خێرا تەواوبوونی کارەکان، لە شەوانیشدا کاردەکات بۆ ئەوەی پێش ئەوەی باران ببارێت و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکان دروست ببێت کارەکان تەواو بکات.

روونیشیکردەوە، ئەو گەڕەکانەی کاری کۆنکریتییان بۆ دەکرێت ئەو گەڕەکانەن کە لەدوای ساڵی 2003وە درووستبوون و خەڵکی ئاوارە و هەژارنشینان تیادا نیشتەجێیە و خزمەتگوزارییان کەمە، پێکهاتوون لە هەریەک لە گەڕەکەکانی: شۆراو، رەحیماوا، 50 عەلی، سەیادە، حەمزەلی، حەی بەدر، دەروازە و سەرچنار.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەم گەڕەکانە دەستکراوە بە کاری کۆنکریت و ئەوانەی کە ماویشن ئێستا ئامادەکارییان بۆ دەکرێت و تێکەڵەڕێژ دەکرێن بۆ کاری کۆنکریت کردن.

شارەوانی کەرکوک فریای هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە ...

شارەوانی کەرکوک فریای هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە ناکەوێت