بەرەو کۆشکی سپی

سیناتۆرێک 60 ساڵی رەبەق لە کۆنگرێس مایەوە و پۆستەکەی چۆڵ نەکرد

964+

ژووری هەواڵ

سیناتۆرێک 60 ساڵی رەبەق لە کۆنگرێس مایەوە و پۆستەکەی چۆڵ نەکرد، دانەیەکی تریان 11 سەرۆکی ئەمریکای بەڕێکرد هەر لە شوێنی خۆیدا بوو، ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا حەزیان لە هەموو شتێکە خانەنشینی
نەبێت، چیرۆکەکە لەمە دوورو درێژتر و با بزانین چییە.

لە ئەمریکا سەرۆک بۆی هەیە تەنیا هەشت ساڵ سەرۆک بێت، بەڵام ئەمە شمولی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ناکات، ئەوان تا سەر دەنێنەوە دەشێ لە پۆستەکانیاندا بن.

نانسی پێلۆسی ئەو ژنەی کەیفی بە ترەمپ نەدەهات لە رووداوە بەناوبانگەکەدا کاغەزەکانی دڕاند، ئەمە پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بوو، 37 ساڵ ئەندامی کۆنگرێس بوو، هێشتا هەر خەریکی کارەو بە گوڕوتینە.

سیناتۆرێک هەیە 24 سەعات لەسەر یەک قسەی کرد، ئەو (سترۆم سۆرمۆند) بوو، کە ساڵی 2003 لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، تامردنی ریکۆردی شکاند لە کاری سیاسیدا، لە ساڵی 1948ەوە سیناتۆر بوو، 11 سەرۆکی ئەمریکای بەڕێکرد.

سیناتۆر جۆن دینگڵ 60 ساڵی رەبەق نوێنەرایەتیی میلایەتی میشگەنی کرد لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، رۆبەرت بێردی دیموکراتەکانیش 57 ساڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بوو، جگە لەمانە مانەوەی 56و 53و 48 ساڵیش هەیە.

بۆچوونێک هەیە لە ئەمریکا دەڵێت، نابێت رێگەبدرێت کۆنگرێسمانەکان ئەوەندە لە پۆستەکانیان بمێننەوە، چونکە هەندێکیان دەخڵەفێن و توانای بیرکردنەوەیان نامێنێت، کەسانێکی تریش هەیە پێچەوانەکەی دەبینن و دەڵێن مانەوەی زیاتر واتە ئەزموونی زیاتر.

هەندێ لە میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن کۆنگرێسمانەکان لە ترسی مردن خانەنشین نابن، چونکە پێیان وایە تا لەکاردابن و بجوڵێن،  تەمەنیان زیاتر دەبێت.

ئەم زنجیرە بابەتانە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە و لە 964 درێژەیان دەبێت…