کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئیداەی خۆسەر لە رەقە _ وێنە: ANHA
ئیدارەکەی داوای هەڵوێست دەکات
هێرشەکان کارەبای 150 هەزار خێزانیی رۆژئاوای کوردستانی بڕیوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، “بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ژمارەیەک خێزان ئاوارە بوون”، ئەوە لە کاتێکدا بەهۆی بۆردومانەوە 150 هەزار خێزان بێ کارەبا بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27.10.2024، ئیدارەکە ئاماری چوار رۆژی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
لە بەردەم بارەگاکەیان لە رەقە کۆبوونەوە و رۆژنامەنووسان لەوێ بوون، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، “بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، هێرشەکان هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی پێنج ملیۆن کەس و لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون”.
بە قسەی ئیدارەکە، ئامانجی هێرشەکان پەکخستنی گۆڕەپانە ئابووری و ژیانییەکانی ئیدارەکە بوو، بۆیە دەڵێن، “دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەم شێوەیە پیلانەکانی لە دژی گەلەکەمان جێبەجێ بکات، بە پەرەدان بە گەمارۆی ئابووری، ژیانی خەڵک قورس بکات”.
باس لەوەش کرا، “دەرئەنجامی هێرشەکان ناسەقامگیریی ئیدارەکەی لێ دەکەوێتەوە، ئەم هێرشانە هەڕەشەیە بۆ هەوڵدانەکانی لەناوبردنی تیرۆر کە گەل و هێزەکانی ئاسایشمان بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەڕێوەی دەبەن”.
ئاماری هێرش و بریندار و ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیەیە:
– 118 هێرشی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان.
– 20 هێرشی فڕۆکەی جەنگیی.
– 893 هێرشی تۆپبارانکردن.
– 17 گیان لەدەستدان.
– 65 بریندار.
بەپێی ئامارەکە بێت، هەزار و 31 هێرش کراوەتە سەر ئیدارەکە، لە راگەیاندراوەکەدا بانگەوازیی لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، روسیا، دامەزراوە یاسایی و مرۆییەکان کراوە، کە دەرنجامە ترسناکەکانی هێرشەکان ببین و لێپرسینەوە بکرێت، هەروەها بانگەوازیی لە پێکهاتەکانی ئیدارەکە کراوە یەکگرتووانە لە دژی هێرشەکان بوەستنەوە.
یەکێک دیکە لە کاریگەرییەکانی هێرشەکە بەهۆی بۆردومانی وێستەکانی سووتەمەنی، زیاتر لە 150 هەزار خێزانی بێ کارەبا کردووە، بەهۆی پچرانی کارەباوە وێستەگەکانی دابەشکردنی ئاویش لە کارکەوتوون، هەروەک لەکارکەوتنی نانەواخانەکان و کەمبوونەوەی سوتەمەنی سەری هەڵداوە.
بیانووی تورکیا بۆ هێرشەکان، تۆمەتبارکردنی یەپەگەیە بە دەستهەبوون لە هێرشی سەر کۆمپانیای توساش لە نزیک ئەنقەرە، گەرچی باڵێکی سەربازی پەکەکە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە لە رۆژئاوا رەتی کردەوە ئەوان بەشداری هێرشەکەیان کردبێت.