"دایکمە"، "رۆح و چاومە"، "دڵی لێدەری کوردستان"، "توخوا قەدری بگرن"

هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان قسەی جیاوازیان بۆ سلێمانی هەیە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە یادی 242 ساڵەی سلێمانیدا هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان قسەی جیاوازیان هەیە بۆ شارە حەیاتەکە و حیکمەت هیندی دەڵێت، “توخوا قەدری بگرن و هەروا بەسەریدا تێمەپەڕن”.

ئەمڕۆ لە سلێمانی مەراسیمیك بۆ یادی 242 ساڵەی شارەکە بەڕێوەچوو، زۆربەی کەسایەتی و هونەرمەندە دیارەکانی سلێمانی لەوێ بوون، پەیامنێری 964 چووە لایان و دواندنی، حیکمەت هیندی هونەرمەندی بەناوبانگی کوردستان دەڵێت، “شارەکەمان گەلێک جوانە، توخوا بەبێ قەدری بەسەریان رامەبوێرن، رێزی لێ بگرن، گوڵاڵە سوورەی ئەم شەوانە، خوێناوی جگەرمانە”.

عەبدولقادر حەسەن هونەرمەند و گۆرانیبیژی دەنگخۆش دەڵێت، “سلێمانی بەڵقیسە، رۆح و چاومە و سەعاتێک بەبێ سلێمانی ئیدارە ناکەم”.

“سلێمانی رۆڵی هەبووە لە هەموو پرسە نەتەوەیی و سیاسیی و نیشتمانییەکانی کوردستان و دڵی لێدەری کوردستانە”، ئەمەش قسەی محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتوانە ناسراوەکەی کوردستانە.

عومەری کەریم ئاغاش هونەرمەندە قسە خۆشەکەی کوردستان دەڵێت، “سلێمانی دایکمە، من تیا لەدایکبووم، هەرچییەکی بۆ بکرێ ناگاتە ئەو ئاستەی کە شایەنیەتی”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری