دوو کەسیش لەسەر ئاگر کردنەوە
پێنج کەس لەسەر داربڕین دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
لە پێنجوێن و پیرەمەگروون، پێنج هاوڵاتى لەسەر بڕینى دارى سروشتى دەستگیر کران و لە ماوەت و دەربەندیخانیش دوو کەس لەسەر ئاگرکردنەوە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، مەفرەزەکانیان لە سنوورى گوندى بناوەسوتە توانیان لە سێ چالاکى جیاوازدا سێ هاووڵاتى لەسەر دیاردەى داربڕین دەستگیربکەن و دەستیشیانگرت بەسەر مشارێکى داربڕین و ئۆتۆمبێلێک.
لەلایەکى دیکەوە، بنکەی پۆلیسى دارستانی پیرەمەگرون سنوورى گوندى کۆتەڵ دوو هاوڵاتیان لەسەر بڕینى دار دەستگیرکرد.
وەک ئەوەى پۆلیس باسى دەکات، ئەو دوو هاوڵاتییە یەک پیکاب تاکى نیسان داربەڕووى تەڕیان بڕیووەتەوە.
“جگە لە دەستگیرکردنى ئەو دوو کەسە، دەستگیراوە بەسەر پیکابەکە و دارەکاندا”، پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى وا دەڵێت.
لەبارەى دەستگیرکردنى کەسێک لە ماوەت کە لە سنوورى گوندى کانى بوکێ چوار دۆنم رەزو باخى سووتاند بوو، پۆلیسى کەسەکەى دەستگیرکرد و لە دادگاش پاراوى لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە.
پۆلیسى دارستان ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆکارى ئاگرکەوتنەوە لە سنوورى گوندى چنارەى دەربەندیخان 42 دارى سنەوبەر سووتاون و کەسێکیش بەسەر کردنەوەى ئاگرەکە دەستگیرکراوە.