لە دیالە
هەواڵگریی عێراق دەستی بەسەر کارگەیەکی چەک و تەقەمەنی داعشدا گرت
964+
ژووری هەواڵ
دەزگای هەواڵگریی عێراق دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی چەک و تەقەمەنی راگەیاند و دەڵێت، کارگەکە لە پارێزگای دیالە لەلایەن داعش بەکارهێنراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.10.2024، دەزگای هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کە لەسەر زانیاری پێشوەختە ئەنجامیانداوە، توانیویانە دەستبگرن بەسەر کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی و تاقیگەیەک بۆ دروستکردنی ئامێری تەقەمەنی سەر بە باندە تیرۆریستییەکانی داعش.
“دەزگای هەواڵگریی سەربازی و هێزە ئەمنییەکانمان بەردەوامن لە هەوڵە چڕەکانیان بۆ بەدواداچوون بۆ وشککردنی پاشماوەکانی داعش و پاککردنەوەی ناوچەکان لە پاشماوەی ئەو چەکدارانە”، دەزگای هەواڵگریی عێراق وا دەڵێت.
لە رێکەوتی پێنجی ئەم مانگە، بەهۆی هێرشی چەکداری داعش لە پارێزگای دیالە، جێگری فەوجی دووی حەشدی شەعبی کوژرا و سێ ئەندامێکی دیکەی حەشد بریندار بوون.