ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان _ وێنە: پێگەی Google
"پەرلەمانی نوێ کۆببێتەوە"
یەکێتیی ئەوروپا: پەیوەندی نایابمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەپارێزین
ئەحمەد مستەفا
نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق داوای هەرچی زوو کۆبوونەوەی پەڕلەمانی نوێی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، “پەیوەندی نایابیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەپارێزن”.
هەرێمی کوردستان، بە دەرئەنجامی 72%ی بەشداری دەنگدەرانی، خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستانی هەڵبژارد، نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە دەڵێن، “پێشوازی لە شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن”.
لە بڵاوکراوەکەدا ئەو نوێنەرایەتییە، “جەختیی لە گرنگی ئەو پڕۆسە دیموکراسییە کردووەتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵ بوو دواکەوتبوو”، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا تیشکی خستووەتە سەر داکۆکییە بەردەوامەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و بە “میکانیزمێکی سەرەکی بۆ دەربڕینی ئیرادەی سیاسی” وەسفی کردووە.
لە رۆژانی 18.10.2024 و 20.10.2024 دەنگدانی گشتی و تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە بڵاوکراوەیەکدا هاتووە “یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندیی نایابی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەپارێزێت و داوای بانگهێشتکردنی خێرای پەرلەمانی نوێی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی دەکات”.
هەروەک، نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە کە بەپەلە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن، جەختیشی لەسەر گرنگی دانانی ئەولەویەتدان بە “بەرژەوەندی و یەکڕیزی و سەقامگیری هەردوو هەرێمی کوردستان و عێراق” کردووەتەوە.