لە نێوان تەقتەق و کەرکوک

ئەو دوو ئۆتۆمبێلەى بە فڕۆکەى جەنگى لێیاندرا داعش بوون

وریا فەتاح

نزیک کاتژمێر 10ـى ئەمشەو، دوو فڕۆکەى جەنگى چوار جار بۆردوومانی زنجیرە چیای خاڵخاڵانیان لە نێوان ناحیەی تەق تەقی سەر بە قەزاى کۆیە و ناحیەی شوانى کەرکوک کرد و دوو ئۆتۆمبێلیان بە ئامانجگرت.

کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى رێکخراوى CPTـى ئەمەریکى بۆ 964 پشتڕاستى کردەوە، فڕۆکەى جەنگى بوون و دوو ئۆتۆمبێلى چەکدارانى داعشیان بە ئامانج گرتووە، بەڵام نازانرێت فڕۆکەکان هى عێراقن یان هاوپەیمانان.

بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى ئەمنى، ئێستا هێزەکانى دژە تیرۆر گەیشتوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستى پێکردووە.

964 ویستى زانیارى لە سەرچاوە ئەمنییەکان وەربگرێت، بەڵام بەردەست نەبوون.

بەپێى زانیارییەکانى رێکخەرى تیمى کوردستان ئەو رێکخراوە ئەمەریکییە، یەکەم لێدان 9:55 خولەک بووە و دوا لێدان کە جارى چوارەم بووە کاتژمێر 10:16 خولەک بووە و ئەو دوو ئۆتۆمبێلەى بەرکەوتوون هەردوکیان سووتاون.