دار و تەختەی بیانی رزقی دارتاشانی سلێمانیان بڕیوە

میدیازان – دیلان محەمەد –سلێمانی

هاوردەکردنی تەختە و داری بیانی جێگەی بە پیشەی دارتاشی لەق کردووە، زۆربەی دارتاشەکانی سلێمانی ناچارن لەبەر بێ بازاڕی دووکانەکانیان دابخەن.

لە شەقامی کاوە لەنێو گوزەری دارتاشەکان پێشتر ٥٠ دووکانی دارتاشی هەبوون، بەڵام دوای نزیکەی ٨ ساڵ ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ نزیکەی ١٠ دارتاش کەمیکردووە.

شێرکۆ شەفیق پیشەی دارتاشییە و لە شەقامی کاوە کار دەکات، دەڵێت مانگ نییە دووکانێک بۆ دوو دووکان دانەخرێن.

شێرکۆ بە میدیازانی وت، “پێشتر دوو شەریک بووین مانگی یەکی نزیکەی دوو ملیۆن دینارمان دەست دەکەوت، بەڵام ئێستا ناگاتە ٢٠٠ ھەزار دینار لە مانگێکدا.”

شێرکۆ ھۆکاری کەمبونەوەی پیشەی دارتاشی دەگەڕێنێتەوە بۆ هاوردەکردنی دەرگا و مۆبیلیات لە دەرەوەی وڵات، دەڵێت ئەگەر کارگەکان بھێندرێنە کوردستان ئەوا خەڵکیش بێ ئیش نابێت.

بە وتەی دارتاشانی شەقامی کاوە، ئەو کەلوپەلانەی لێرە دروست دەکرێن گرانتر دەکەون لەسەر ھاووڵاتی، ئەوانەشی هاوردە دەکرێن کەلوپەلی چینی و تورکین.

سەباح شەفیق دارتاش دەڵێت، “گەر دەرگایەک بە ئامادە کراوی بە ١٢٠ ھەزار دینار بێت لێرە دروستی بکات ٢٠٠ ھەزاری تێدەچێت، زۆری ئەو بابەتانەی کە هاوردە دەکرێن لە جۆری ئێم دی ئێف-ن و ناوەکەی مقەبای تیادایە، ئەمەی لێرە دروست دەکرێت کێشی قورسە و لە دار دروست دەکرێت، تەمەنیشی زۆرە، دەرگا ھەیە لە ساڵانی ١٩٧٠ ەوە ھەیە و کێشەی نییە.”

مۆبیلیاتی تورکی و چینی فرۆشیان باشە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نرخیان هەرزانە و خەڵک دەتوانن دوای چەند ساڵێک بیگۆڕن. 

“مۆبیلیاتی تورکی و چینی فرۆشیان باشە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نرخیان هەرزانە و خەڵک دەتوانن دوای چەند ساڵێک بیگۆڕن”.

دارتاش

شادمان کەمال کەلوپەلی مۆبیلیات لە دەرەوە ھاوردە دەکات، دەڵێت، “ھاوڵاتی گەر لای من کەنتۆرێک دروست بکات نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆلار تێچوی دەبێت، بەڵام بە ئامادەکراوی ٣٠٠ دۆلار تێچوویەتی، دوای چەند ساڵێکی کەم دەیگۆڕێت و گرنگی بە کوالێتیەکەی نادات”.