لە زانکۆوە دەستیان پێکردووە
لە هەڵەبجە نەمام دەچێندرێ ئەگەر دەتانەوێ داوای بکەن
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ئەمڕۆ دووشەممە، 14.10.2024 لە زانکۆی ھەڵەبجەوە، ھەڵمەتێکی گەورەی نەمام چاندن، کە لەلایەن کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزەوە رێکخراوە دەستیپێکرد.
بڕیارە تا کۆتایی وەرزی نەمام چاندن، سێ هەزار و 500 نەمام لە سنوورەکەدا بچێندرێن.
مەنزەر عەلی، ئەندامی دەستەی باڵای کوردستانێکی سەوز بە 964ی وت، نەمامەکان جۆراوجۆرن و پێکھاتوون لە سنەوبەر، مۆرد، گوڵی قاوە، کالیپتۆس و جۆری دیکە، لە ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجە و قەزا و ناحیەکان ھەڵمەتەکە بەردەوامی دەبێت.
رێکخراوەکە دەرگای ئەوەی بەرووی خەڵکدا کردووەتەوە، ھەر کەسێکیش پێی خۆشبێت خۆی نەمام بچێنێت، دەتوانن نەمامی بۆ دابین بکەن.
بە وتەی مەنزەر عەلی، وەک خزمەتێک بۆ زانکۆی شارەکە، کە ناوەندێکی زانستی و رۆشنبیرییە و پێویستی بە ئاوەدانی زیاتر ھەیە، دەستپێکی هەڵمەتەکەیان لەوێ دەستیپێکردووە، تا ئەو سێ هەزار و 500 نەمامە تەواو دەبێت، ھەڵمەتەکەیان بەردەوامی پێ دەدەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا