سەرتاسەرییە

شەپۆڵێكی باران بەڕێوەیە

ئەرسەلان عەبدوڵا

بە گوێرەی زانیارییەكانی پسپۆرێکی بواری کەشناسی لە هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت شەپۆڵێكی باران لە رۆژی 10ی ئەم مانگە روو لە هەرێمی كوردستان بكات.

شارەزای كەشناسی ئاراز جەبار لە سۆشیال میدیای خۆی بڵاویكردەوە، پێشبینی دەکرێت رۆژی 10ی ئەم مانگە شەپۆلێکی باران روو لە سەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بكات.

ئەوەش دەخاتەڕوو، بە کاریگەریی زیاتری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست و کاریگەریی دەریای سووریش، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە شێوەیەکی پچڕپچڕ کاریگەرییەکانی بەردەوامی دەبێت و پێشبینی بارانێکی مامناوەند لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی كوردستاندا دەکرێت.

ئاراز جەبار نووسیویەتی، “لە ناوچە شاخاویەکاندا رێژەیەکی زیاتر باران دەبارێت”.

لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵ یەكەم باران باریوە و چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بە هاتنی ئەم بارانەی پێشبینیی دەكرێت، دەبێتە دووەم شەپۆڵی بارانبارینی ئەمساڵ.