ئەمریكا چی دەڵێت؟

هێرشێك كرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و پێگەی موشكەكانیش دۆزرایەوە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

بە چەند موشەكێك هێرشكرایە سەر بنکەی ڤێکتۆریای سەربازی ئەمەریکا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، ئەو پێگانەش دۆزرانەوە كە لێوە موشەكەكان ئاراستە كرابوون.

درەنگانی شەوی رابردوو بە سێ موشەكی جۆری كاتیۆشا، هێرشكرایە سەر بنكەی سەربازی ڤیكتۆریای تایبەت بە هێزەكانی ئەمریكا، كە دەكەوێتە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی رایگەیاند، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنکە ئەمریکییەکە کەوتووە کار، بەڵام یەکێک لە موشەكەكان بەر دیواری جیاکەرەوەی بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتووە و بەهۆیەوە چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنی سووتاون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.

سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و تیمی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی توانیویانە پێگەی هەڵدانی موشەكەكان لە نزیک ناوچەی عامرییەی رۆژئاوای بەغدا بدۆزنەوە.

باسی ئەوەشیان كردووە، رێگەیان لە هەڵدانی سێ موشەكی دیكەش گرتووە، بەر لەوەی ئاراستەی بنكە سەربازییەكە بكرێت.

وردەكاری دیكە هەیە
سەرلەبەیانیی زووی ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەكی ئەمنیی رێگەپێدراو لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا، دوو لە موشەكانەی ئاراستە كراون، یەكێكیان لە گەراجی تایبەتی فەوجی دووەمی هێزەكانی دژەتیرۆ كەوتووە، ئەویتریشیان لە گۆڕەپانێكی ناو فڕۆكەخانەی بەغدا كەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانیان هەبێت.

ئەمریكا چی دەڵێت؟
وتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا کۆلۆنێل برایان ماگاری هۆشداری داوە و رایگەیاند، فەرمانیان پێکراوە و دەستکراوە دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و پەلاماردانێکی هێزەکانیان لە ناوچەکە.
هێرشەكەی سەر بنكەی ڤیكتۆریا لە بەغدا، هاوكاتە لەگەڵ گرژییەكانی سەر سنووری لوبنان – ئیسرائیل و بە تایبەتی دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێزەكانی ئیسرائیل وەك سەرچاوە میدیاییەكانی عەرەبی باسی دەكەن، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی “سنووردار” چوونە ناو خاكی لوبنان و ئێستاش شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵا بەردەوامە.

هێرشێك كرایە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و پێگەی موشكەكانیش دۆزرایەوە

ئیسرائیل هێرشی

ئیسرائیل هێرشی "سنووردار"ی زەمینی بۆ سنووری لوبنان دەستپێكرد